راپۆرتێكی ئەمەریكی: ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئەمەریكا و ئێران لە زیادبووندایە

 

راپۆرتێكی ئەمەریكی، هۆشداری لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان ئەمەریكا و ئێران و هاوپەیمانەكانییان لە ناوچەكە دەكات و ئەو جەنگەش سەرەوەی لیستی مەترسییەكانی 2018ی گرتووە، كە رووبەڕووی ئەمەریكا دەبێتەوە.

ئەو راپۆرتە ئاماژە بەوە دەكات، گەورەترین مەترسی ساڵی داهاتوو، رووبەڕووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەبێتەوە، قەیرانی كۆریای باكوور و زیادبوونی هێرشە ئەلیكترۆنییەكانە لەسەر دامەزراوە ئەمەریكییەكان.

راپۆرتەكە بە گشتی باس لەو مەترسییانە دەكات، كە رووبەڕووی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا دەبێتە لە ساڵی 2018 و روونیشی دەكاتەوە، بەهۆی هەڵسوكەوتەكانی ئێران و هاوپەیەمانەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان ئەمەریكا و ئێران لە زیادبووندایە.

راپۆرتەكە بەهۆی تێوەگلانی ئێران لە ململانێكانی ناوچەكە و پشتیوانیكردنی ئەو میلیشیایانەی لە بری ئێران شەڕ دەكەن، وەكو حووسییەكانی یەمەن، حزبوڵڵای لوبنانی، رەخنە لە تاران دەگرێت.

راپۆرتەكە جەخت لەوەش دەكاتەوە، رووبەڕووبوونەوەی نێوان واشنتن و تاران، تەنیا لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ لە رووداوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كورت نابێتەوە، بەڵكو ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ رەنگە لە هەر پێكدادانێكی سەربازی ئەنقەست بێت لە ئاوەكانی كەنداوەوە.

راپۆرتەكە لەلایەن ناوەندی كاری خۆپاراستنی سەر بە ئەنجوومەنی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەمەریكا دەرچووە، 436 بەرپرسی حكوومی ئەمەریكا و پسپۆڕان لە سیاسەتی دەرەوە بەشدارییان تێدا كردووە، مەترسییەكانی 2018یشیان بۆ سەر ئەمەریكا بەسەر سێ ئاست دابەش كردووە.

پۆل ستێرێس، بەڕێوەبەری ناوەندی كاری خۆپاراستن و سەرپەرشتیاری سەرەكی راپۆرتەكە دەڵێت: “قەیرانەكانی كۆریا و ئێران، لەسەر ئاستی گۆڕەپانی نێودەوڵەتی ئاڵوگۆڕییان پێوەدیارە”، جەحتیش دەكاتەوە ئەو دوو قەیرانە لە پێشكەوتنی بەردەوامدان.

ستێرێس ئاماژە بەوەش دەكات، پێویستە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بڕیار و بژاردەی ژیرانە بگرێتە بەر بۆ ئاراستەكردنی هەوڵەكانی، بۆ ئەوەی لەگەڵ زیادبوونی مەترسییەكانی هەڵگیرانی ململانێكی چەكداری بگونجێت و خۆی لە تێوەگلان لە رووبەڕووبوونەوەی سەربازییش بپارێزێت، كە تێچووەكەی زۆرە.

جیا لە مەترسییەكانی ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا، قەیرانی كۆریای باكوور و هەڵگیرسانی شەڕی نێوان پیۆنگ یانگ لەلایەك و ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لەلایەكی دیكە، لە ئاستی یەكەمی ئەو مەترسییانەن.

هاوكات ئەگەری كەوتنە ژێر هەڕەشە و هێرشی ئەلیكترۆنی و بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ئەمەریكا و ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی لەسەر خاكی ئەمەریكا، كە قوربانییەكی زۆری لێدەكەوێتە، وەك ئاستی یەكەمی مەترسییەكان پۆلێنكراون.

رووبەڕووبوونەوەی سەربازی نێوان هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی “ناتۆ” و رووسیا، ململانێی سەربازی نێوان چین و ئەو وڵاتانی هەژموونی چین لەناوچەكانی دەریای باشووری ئەو وڵاتە رەتدەكەنەوە، بە هەمان شێوە لە ئاستی یەكەمی مەترسییەكانی هەژمار كراون.

هاوكات فراوانبوونی بازنەی شەڕ لە سووریا بە سەرۆكایەتی بەشار ئەسەد، لەگەڵ كەوتنی حكوومەتی ئەفغانستان، كە دوو هۆكارن بۆ ناسەقامگیری ناوچەكە، لە ئاستی یەكەمدا هاتوون.

Back to top button