دوای جه‌ژن پاره‌ی جوتیاران دابه‌ش ده‌كرێت

خواكوڕك

پارەی گەنمی جوتیارانی عێراق بۆ ساڵی 2014 و 2015 زیاتر لە دوو ترلیۆن دینارەو لەو بڕەیەش زیاتر لە 800 ملیار دینار بۆ جوتیارانی هەرێمی كوردستانە، تا ئێستاش ئه‌و بڕه‌ی تایبه‌ته‌ به‌ هه‌رێم دابه‌ش نه‌كراوه‌.

به‌پێی لێدوانی ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی عێراق، وەزارەتی بازرگانی عێراقی پارەی گەنمی جوتیارانی وڵاتی بەهەرێمی كوردستانیشەوە ڕەوان كردوەو چەكی پارەكەشی بەسه‌ر نوێنه‌رى سایلۆكانى عێراق دابەش كردووە.

شار مشیر اسماعیل، ئەندامی لێژنەی كشتوكاڵ وئاژه‌ڵداری وئاودێری و بەنداوەکان بڵاوی كردۆتەوە، ڕۆژی سێ شەممە 6/9/2016 وەزارەتی بازرگانی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ، چەكی پارەی جوتیارانی گشت عێراق به‌ هی هه‌رێمى كوردستانیشه‌وه‌ به‌سه‌ر نوێنه‌رى سایلۆكانى عێراق بۆ ساڵى 2014-2015، دابه‌ش كرد. ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مان ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، سه‌دا 50ـى پاره‌كه‌ به‌ نەخت ده‌درێت وه 50٪ به‌ (سه‌نه‌دى خه‌زێنه‌) دەدرێت به جوتياران و چاوەڕوان دەكرێت پاش جەژنى قوربان، نەختەکە بگاته‌ بانكه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و پاره‌ى جووتیاران دابه‌ش بكرێت.

ئەندامەكه‌ی لیژنه‌ى كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری دەشڵێت، داوكارین وه‌زاره‌تى بازرگانی عێراق ‌به زووترين كات مافی جوتياراني ته واوی عێراقي ساڵی 2016 دابەش بكات له‌به‌رئه‌وه‌ى وه‌رزى چاندني ساڵی نوێ نزيك ببۆتەوە و لەبەر وەرنەگرتنی پارەی 3 ساڵی رابردوو جوتياران توانای چاندنیان وەكو پێویست نیە.

Back to top button