لە پەرلەمانی کوردستان یادی ڕۆژی ئاڵای کوردستان بەرز ڕاگیرا
ئهمڕۆ له شاری ههولێر کاتژمێر 10ی پێشنیوەڕۆ لە پەرلەمانی کوردستان، ڕێوڕەسمێکی شایستە بە بۆنەی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی ئاڵای کوردستان بەڕێوە چوو، هاوكات لهبهشێكی زۆر شار و شارۆچكهكانی كوردستان ئهم یاده بهرزراگیرا.”
ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی ئاڵای کوردستان، لەناو تهلاری پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانتاران دەستی پێکرد و تێیدا بە نمایشی نیشتمانی (ئهی رهقیب) و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان یادی ئەو ڕۆژە مێژووییە کرایەوە، لەلایەن (جەفەر ئیمنیکی) جێگری پەرلەمانی کوردستان و (بێگەرد تاڵەبانی) سکرتیری پەرلەمانەوە ئاڵای کوردستان هەڵکرا و جێگری پەرلەمان بەم بۆنەوە وتارێکی پێشکەش کرد چەند چالاکییەکی دیکە بەم بۆنەیەوە لەناو بینای پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوون.
ئیمنیکی،جێگری پەرلەمانی کوردستان، لە بەشێک لە وتارەکەیدا گوتی “سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین کە گیانی خۆیان کردە قوربانیی بەرزڕاگرتنی ئاڵای کوردستان، بە درێژایی شۆڕش و خەباتی نەتەوەکەمان خەونی هەموو نەتەوەکەمان بووە کە هەموو کات بشەکێتەوە و لەپێناو بەرزڕاگرتنی سەدان هەزار کەس شەهید بوون”.
فرسەت سۆفی، پەرلەمانتاری سەر بە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگهیاند: “هەرچەند هێرشی حەشدی شەعبی بۆ سەر کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان و پیلانەکانی 16ی ئۆکتۆبەر ویستیان چۆک بە ئیرادەی خەڵکی کوردستاندا بدەن، بەڵام نەتەنیا نەیانتوانی، بەڵکوو یادکردنەوەی ڕۆژی ئاڵای کوردستان، نیشانەی ئەویە ئیرادەی پتەوی ئەم نەتەوەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی پێداگر و شێلگیرترە”.
ئهوهی شیاوی باسه” لە ساڵی 1999، پەرلەمانی کوردستان رۆژی 17ـی کانوونی یەکەم (17ـی 12)ـی هەموو ساڵێکی، وەک رۆژی ئاڵای کوردستان دیاری کرد.