حەقیقەتێک هەیە دەبی هەموو لایەک بیزانن .

نیاز حاجی
ئەو خۆپیشاندانە زۆرو زەوەندانەی کە لە دەڤەری سلێمانی، وەرزیانە وەک یاریەکانی ئۆلۆمپیاد دووبارە دەبنەوە ، هیچیان لە دژی گەندەڵی و موچە و ناعەدالەتی نین ، هەر هەموویان خۆپیشاندانی سیاسین و دژی پارتین ، ئەمەش دوای ئەوەی بیانوی پۆستی سەرۆکی هەرێمیان ئێستا لەدەست نەماوە تا بەهۆیەوە هەڵپەڕن .
بەڵێ ، هەر هەموو خۆپیشاندانەکانی ئەوێ بەبێ جیاوازی، ئەجیندای تایبەتیان لە پشتە و بەشداربوانی هاندراون ، بە رەهایی ئەو قسەیە دەکەم و بەرپرسیاریشم لەم قسەیە .
هیچ زیادەڕەویەکی تێدا نیە کە دەڵێم …..
 
ئەگەر لە دەڤەری سەوزنیلی کۆمپانیایەک دابنێی و ناوی کۆمپانیاکە بەم جۆرەبێ ( کۆمپانیای شڕەخۆر بۆ بەڵێندەرایەتی و کاری پاتاڵ و نەوت دزی و ساغکردنەوەی گەندەڵی و قۆڵبڕین و خیانەت و خەنجەر لەدواوە وەشاندن و هێنانی دوژمن بۆ ناو خاکی کوردستان و تاڵانکردنی ماڵ و سەروەت و سامانی خەڵک و ……هتد ) ، بەس هەر لەناو تابلۆی کۆمپانیاکە تێبینیەک بنوسە بەم جۆرە ( ئێمە دژی پارتین و ئامادەین هانی ئێوە بدەین بۆ خۆپیشاندان ) ، ئیتر ئەو کۆمپانیایە هیچ کێشەیەکی نابێ و رۆژ بەرۆژ ، بە ئاسانی و بەبێ گیروگرفت سامانەکەی زیاد دەکات !
هەموو رۆشەنبیرانی ئەم دەڤەرە لە گوڵ کاڵتر بەم کۆمپانیایە و خاوەنەکەی ناڵێن ، بە پێچەوانەوە ریکلامی بۆ دەکەن و بیانوی بۆ دەهێننەوە کە کاری ئەو کۆمپانیایە خزمەتی گەورە بە شارەکە و رۆشەنبیرانی دەکات !
.
.
.
ئەوان خۆپیشاندان دژی دزینی نەوت دەکەن کەچی لە ساڵانی پێش (۲٠٠٠)ەوە نەوت لەو دەڤەرە بەتانکەر دەدزرێ و بەبەرچاوی دانیشتوانەکەیەوە بۆ سنورەکان دەبرێت ( ئەوکات پارتی نەیدەزانی نەوتیش چیە)کەچی رۆژێک نەمانبینی نەک هەر تانکەرێک بسوتێنن بەڵکو رێگاشیان لێ بگرن !
ئەگەر خۆیشاندانەکانی ئێستا بۆ موچە بێ ، ئەی خۆ لە حەڤدەی شوبات موچە زۆر بەباشی لەکاتی خۆیدا دابەشدەکرا و شتێکیش نەبوو بەناوی دواکەوتن و پاشەکەوتکردنی موچە ، کەچی ئەو کات بینیمان خۆپیشانەدەرە هاندراوەکان بەسەر ئەو هەموو بارەگایەوە پازیانداو بارەگای پارتیان بەردباران کرد لەکاتێک دا پارتی دەسەڵاتی گواستنەوەی یەک فەرمانبەریشی نەبوو لەو دەڤەرە .
ئەگەر خۆپیشاندانەکانیان لە دژی گەندەڵیە ، بۆ رۆژێک نەمانبینی بچنە سەر گروپی نالیا یان گردی زەرگەتە و دەباشان ، خۆ نیوەی زەویەکانی شاری سلێمانیان لەکاتی بەرهەم صالح لەسەر ئەو کۆمپانیایە تاپۆکرا و بەنوێژی نیوەرۆ بەهۆی بەشداری لە چاڤی لاند ، پشکی ئەو هەموو خەڵکەیان دزی ، دواتریش لەماوەی شەو و رۆژێکدا بە ناوی فرۆشتنی کۆمپانیای بیانی ، بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکەیان گەراندەوە .
 
ئەگەر بابەت ناعەدالەتی بێت ، چۆن دەبێ کەسێک کە ئیدیعای ئەوە بکات کە بەشێک نەبووە لە دەسەڵات و سەری زمان و بنی زمانی بانگەشەکردن بێ لە دژی گەندەڵی و بە باوکی هەژاران ناو ببرێ ، کەچی تەنها بۆ گۆڕەکەی ۱۲۸ دۆنم زەوی لە ناوەراستی شار داگیر کردبێ ، نازانم خۆپیشاندەران بۆ ئەوانە نابینن !
زۆر سەیرە ، کەسێک بەشێک نەبونێ لە دەسەڵات و دژی گەندەلیش ئیدیعای کردبێ کەچی بۆ قەبرەکەی ۱۲۸ دۆنم زەوی داگیرکردبێ و خاوەنی کارگەی چیمەنتۆ و پاڵاوگەی نەوت و چەندین مارکێت بێت ، بۆ گلەیی لەوانە بکەین کە لە دەسەڵاتن و بانگەشەی دژایەتی گەندەلیش ناکەن ، ئاسمان و ژێرزەوی ئەو کوردستانە بدزن !
لە دەڤەری سەوزنیلی ، دژایەتی کردنی پارتی گەورەترین و پڕ داهاتترین پرۆژەی بازرگانی و هۆکارێکی پەسەندە بۆ پارە کۆکردنەوە ، دژایەتی کردنی پارتی ، تەلیسم و فلتەرێکە ، چاوو گوێی زۆرینەی دانیشتوانەکەی داخستووە .
لەم شارەدا هەموو حەرامێک حەڵالە مادام لەگەڵیدا جوێن بە بارزانی بدەی و دژی پارتی بیت !
پشکی چوار هەزار کەس بدزە و بخۆ ، مادام جوێنت بە پارتی دا ، حەڵالە و هیچ دادگا و بەهیچ یاسایەکیش کەس بۆی نیە لێپێچینەوەت لەگەڵدا بکات …
نیوەی سلێمانی داببڕە و بیکە بە شوقە و ڤێللا و بەنرخی گران بیفرۆشەوە ، چەندین کەناڵی ئاسمانی دابنێ ، هیچ شکۆ و موقەدەساتێک بۆ کەس مەهێڵەوە ، مادام دژی پارتیت ، نازناوی فریادرەست پێ دەبەخشرێ.
تەواوی داهاتی سلێمانی بخە باخەڵتەوە ، گەندەڵ بە تا سەرئێسقان ، مادام دژی پارتیت دەستخۆشیت لێ دەکرێ.
چوار مانگ پرۆسەی خوێندن پەک بخە ، کارێکی ئاساییە مادامەکی ئەو کارە دژی پارتیە و جوێن بە پارتی دەدەی .
ببە بە خاوەنی دەیان مۆڵ و پرۆژە، نەوت بە تانکەر ئاودیوی سنور بکە و تەواوی پارەکەی بخە باخەڵتەوە ، مادام دژی پارتی و جوێن بە بارزانی دەدەی عافیەتت بێت !
ببە بە جاش ، بچوە باوەشی عەبادی و مالیکی ، کورد بفرۆشە ، سوکایەتی بە پێشمەرگە و خانەوادەی شەهید بکە ، نەتەوە و عەشیرەتت بگۆڕە و بیکە عەرەب ، لە عەرەب عەرەبتر بە ، کارێکی ئاساییە و بە هەڵوێست بۆت ئەژمێردرێت مادام دژی پارتی و بارزانیت .
ببە بە حەشدی شەعبی ، دەنگی پێ بدە ، پەلکێشی ناو سنورەکانی کوردستانی بکە ، قودسەکەی لەسەر سفرەی رازاوە و ئاڵتونی پێ بفرۆشە ، تەنها بڵێ لەدژی پارتی ئەمکارەم کردوە ، دەستخۆشیت لێ دەکرێ !
کوردستان دابەش بکە و شەری ناوخۆ هەڵبگیرسێنە ، مادام گوتت لەدژی پارتیە ، بەکەسێکی کوردپەروەر و شۆرشگێر دادەنرێ و چەپڵەت بۆ لێدەدرێ !
خەونی سەدان ساڵەی کورد زیندە بەچاڵ بکە ، مادام دژی بارزانیت ، بەباشترین کوردایەتی بۆت هەژماردەکرێت !
 
بەلێ ….
 
لەماوەی رابردوودا تەواوی ئەو دەڤەرە بەهۆی هەندێ بەناو رۆشەنیری ساختە و قەڵەم وەشێنی بێوێژدان و هێزی بەرژەوەندخواز ، لە ژێر ئیرهابێکی فکریدایە ، سەرقاڵ و شەکەت کراوە ، بیری داگیرکراوە و دەرفەتی ئارامی بۆ نەرەخساوە بۆئەوەی بەتەندروستی بیربکاتەوە ، لە لایەن هەندێ میدیا کە رۆڵی تابوری پێنجەم دەبینن ، ئەو شارە هەموو ئومێدەکانی تێدا زیندەبەچاڵ کراوە ، رەشبینی باڵی بەسەردا کێشاوە ، کارو کەسابەتی تێدا نەماوە ، ئاستی متمانە بەیەکتر و متمانە بەخۆبوون لەوپەڕی لاوازیدایە ، لە ناو تۆنێلێکدا
جێهێڵراوە و ئەوسەر و ئوسەری تونێڵەکە دیار نیە و تاریکە ، سەرەرای نزیکی لە ئیرانەوە ، دەسەڵاتدارانی ئەو دەڤەرە دۆخ و کارئاسانیەکی تەوایان بۆ دامودەزگا و بەرپرسە سەربازی و ئەمنیەکانی ئێران رەخساندوە ، بەجۆرێک ئاغای قاسمی سلێمانی تەدەخولی وەرد و درشتی ئەو دەڤەرە دەکات ، بێ هیچ سانسۆرێک تەڕاتێنی تێدا دەکات و دەیان بنکە و بارەگا و ناوەندی لەژێر لافیتەی جۆراوجۆردا تێدا کردۆتەوە .
 
جگە لەوانەی سەرەوە ، حزبەکانی ئەو سنورە ئاگایان لە خەڵکەکەی نەماوە بەهۆی کاری بازرگانی و ملشکاندنی یەکتر و باڵباڵێن و ململانێی یەکتر ، لەروی خزمەتگوزاری پشتگوێ خراوە ، شارێک لە بێخاوەنیدا (لاهور جەنگی سروە و شاشوار عبدالواحید) خۆیان کردوە بەخاوەنی .
 
 
Back to top button