گۆڕان: داھاتی مەرزی باشماخ بۆ یەكێتییە نەك ھاووڵاتییان

لەگەڵ ئەوەی ئێستا یەكێتی لە رێگای میدیاكانی هاوڵاتیان هاندەدات دژ بە حكومەت خۆپیشاندان بكەن, لە كاتێكدا جگە لەوەی هاوبەشی حكومەتە ئەوا تا ئێستا داهاتی مەرزی باشماغ و پەرویز خان دەگەڕێتەوە خەزێنەی یەكێتی, بەر پرسێكی گۆڕانیش ئاماژە بەوە دەدات، كە كوالێتی كۆنتڕۆڵی مەرزی باشماخ دراوەتە كۆمپانیاكانی یەكێتی و سەرانە لەكۆمپانیا بازرگانییەكان وەردەگرن.

غالب محەمەد، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە پشكی گۆڕان رایگەیاند: “مانگی رابردوو، لەلایەن سەرپەرشتیاری كۆمەڵگەی مەرزی باشماخ، گشتاندن بۆ كۆمپانیایەك بە ناوی (ڕەزگە) كراوە، كە ئەم كۆمپانیایە نزیكە لە یەكێتی و بەشێكە لەئیدارەی گشتیی یەكێتی، كە كوالێتی كۆنتڕۆڵی ئەم مەرزەیان تەسلیم بە دەستی ئەم كۆمپانیایە كردووە، تاوەكو كۆنتڕۆڵی جۆری خۆراك، دەرمان و ھەموو كاڵاكان بكات و پشكنینیان بۆ بكات بە نرخێكی گرانتر، ئەمەش لە ھەموو دونیا نییە كە كۆمپانیا ئەھلی و حزبی بێت، خۆی كۆنترۆڵی جۆری بێت لەسەر خۆی”.
سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەوەشی خستە روو، كە داوایان لەكۆمپانیاكانی سوتەمەنی كردووە، كە كار بە ئەم گرێبەستە بكرێت، بەمەش ھاووڵاتییانی پارێزگای سلێمانی لە رووی تەندروستی و بژێوی ژیانیانەوە دەكەونە مەترسییەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ھەر ھەمان ئەو ئامێرانەی بەرێوەبەرایەتیی نەوت و كانزای سلێمانی بەكار دەھێنن و بریاریش دراوە پارەی پشكنینی سوتەمەنی بەم شێوەیە وەربگیرێت لەكۆمپانیاكانی سوتەمەنی بۆ كۆمپانیا حزبەكانی خۆیان، بەڵام زیاتر لە پێنج كۆمپانیا سووتەمەنی تەنكەرەكانیان لەمەرز وەستاندووە و پارەكەیان نەداوە.
ئاماژەی بەوەش دا، كە كۆمپانیاكە سوورە لەسەر وەرگرتنی ئەو پارەیە، لەئێستا بۆ پشكنینی یەك تەنكەر بەنزین و گاز ١٠٠ ھەزار وەردەگیرێت، لەكاتێكدا پێشتر 30 ھەزار وەرگیراوە، ھەروەھا یەك تەنكەر نەوتیش بڕی 60 ھەزار وەردەگیرێت، پێشتر بۆ ھەر تانكەرێك سووتەمەنی بڕی ٣٠ ھەزار دینار وەردەگیراوە، بەوەش داھاتی مەرزەكە بۆ یەكێتییە نەك ھاوڵاتیان.

سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی, گوتیشی: “لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، پارێزگار، پەرلەمانتارەكانی كوردستان و ھاووڵاتییانی پارێزگای سلێمانی داواكارم، بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان بە زووترین كات رێگری لەم كارە مەترسیدارە بكەن، بۆ ئەوەی ژیانیان پارێزراو بێت”.

Back to top button