گۆران: بەرهەم ساڵح كار لەسەر راكێشانی ئەندام وكادرانمان دەكات بۆ نێو حزبەكەی كە مایەیی قبوڵ نیە
بەرپرسانی گۆڕان نیگەرانیی بزوتنەوەكەیان پیشاندەدەن لە مامەڵەی هاوپەیمانییەكەی (بەرهەم ساڵح )لەگەڵ ئەندامو هەڵسوڕاوەكانیانو دەڵێن، كار لەسەر ڕاكێشانیان دەكات بۆناو قەوارەكەی، بەڵام هاوپەیمانییەكەی (بەرهەم ساڵح) ئەوەڕەتدەكاتەوەو دەڵێت، گۆڕان بە هاوخەباتو هاوپەیمان دەزانن.
بەرپرسێكی گۆڕان كە داوایكرد ناوی ئاشكرانەكرێت بە (خواكوڕك) گوتی”نیگەرانین لەوەی بەرپرسانی قەوارەكەی (بەرهەم ساڵح) ئەندامو هەڵسوڕاوەكانمان بانگدەكەن بۆ كۆبوونەوەكانی خۆیان لەناوچە جیاجیاكان، تەنانەت برادەرانی ئێمە دەڵێن ئێمە گۆڕانین ئەوان هەر دەڵێن ئاساییە تەنها وەرن كۆبوونەوەیەك دەكەین.”
ئەو بەرپرسەی گۆڕان ئەوەشی خستەڕوو، لە ئاستی جیاجیادا كاریان لەسەر دەكرێت، وتی”لە مەكۆكانو بازنەو ڕایەڵەكانی بزووتنەوەكە تەنانەت ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاش بانگكراون لەلایەن بەرپرسانی قەوارەكەی (بەرهەم ساڵح) تەنانەت لە چەند ناوچەیەك بە ئاگاداریی خۆمان بەشدارییان كردووە لە كۆبوونەوەكانیاندا.”
نیگەرانییەكانی گۆڕان لەكاتێكدایە هاوپەیمانییەكەی (بەرهەم ساڵح) لەگەڵ ئەوەی ڕەتیدەكاتەوە كاریان لەسەر گۆڕان كردبێت، باس لەوەشدەكەن گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی وەك دوو هێزی زۆرنزیك لەخۆیان دەبیننو ململانێیان ناكەن.
هاودیدێكی قەوارەكەی بەرهەم ساڵح دەڵێت : ئەوان نەك كار لەسەر ئەندامانی بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی ناكەن، بەڵكو وەك دوو هێزی گەندەڵكارلە كوردستان دەیانبینن بە هاوخەباتی خۆیان نازاننو باوەڕیان بەكاری پێكەوەیی نییە .