كوردستان و فەڕەنسا
زكری مووسا
فەڕەنسا لە ڕۆژە سەختەكاندا یارمەتیی گەلی كوردستانی داوە. جیا لەوەی چ حزبێك كورسیی كۆشكی ئێلیزەی لەدەست بێ، پشتگیریكردنی گەلی كوردستان لە بیست سی ساڵی ڕابردوودا بەشێكی نەگۆڕی سیاسەتی دەرەكیی فەڕەنسا بووە.
ئێستا پەیوەندیی نێوان فەڕەنسای لانكەی ئازادی و كوردستان لە پەیوەندییەكی مرۆڤدۆستانە بۆ پەیوەندیی سیاسیی گۆڕاوە. كوردستان و فەڕەنسا پێویستیان بە یەكترییە و یارمەتیی یەكتر دەدەن و بەرژەوەندیی هاوبەش بەیەكەوەیان دەبەستێتەوە.
سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ فەڕەنسا ڕوونترین ئاماژەیە بۆ ئەو پەیوەندییەی لەسەر بنەمای دۆستایەتی و بەرژەوەندیی هاوبەش دامەزراوە.
كوردستان لە سێ بابەتی سەرەكی پێویستیی بە فەڕەنسایە. فەڕەنسا دەبێ پاڵپشتی لە سەربەخۆیی كوردستان و پیادەكردنی مافی چارەنووسی گەلی كوردستان بكات. فەڕەنسییەكان لەوە گەییشتوون كە پشتگیریكردن لە ڕووداوێكی ئەوها پشتگیریكردنە لە ئاشتی و گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەكە. ئەوان لە ماهییەت و دیتگەی گەلی كوردستان گەییشتوون، دەزانن كوردستان دوورگەی ئارامی و پێكەوەژیانە و نەبووەتە بەشێك لە ململانێی تاییفی.
كوردستان دەیەوێت وڵاتی فەڕەنسا لە پشتگیریكردنی پێشمەرگە بەردەوام بێت تەنانەت لە قۆناغی دوای داعشیش. ئەو چاوەڕوانییە لە فەڕەنسا لەشوێن خۆیەتی. فەڕەنسا بە عەمەلی سەلماندوویەتی لە ڕۆژی تەنگانەدا دۆستی كوردە و بڕیاردان بۆ یارمەتیدانی گەلی كوردستان لە بەرژەوەندیی مرۆڤایەتیی بووە. بابەتی سێیەم هاوكاریكردنی كوردستانە لە تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی و یارمەتیدانی كوردستانە بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووری. قسەكانی سەرۆكی شارەوانیی پاریس لەسەر حەزی وڵاتەكەی بۆ هاوكاریكردنی ژێرخانی شارەكانی هەرێم دەرخەری ئەو ڕوانگەیەیە كە لەنێو فەڕەنسییەكاندا ئامادەیی تەواو هەیە بۆ یارمەتیدانی كوردستان لەبواری ئابووری.
لەبەرانبەردا فەڕەنسا برینداری دەستی تیرۆرە. سرووشتی یاسایی و سیاسی و مرۆڤدۆستانەی ئەو وڵاتە وایكردووە هەردەم نیچیرێكی ئاسان بێت بۆ تیرۆریستان. ئێستا تیرۆر و توندڕۆیی ڕۆژەڤی سەرەكیی ناوەندە هزری و فەرهەنگی و سیاسی و میللییەكانی فەڕەنسایە. گەورەترین كێشەیە كە لە هەزارەی سێیەمدا بەرۆكی ئەو وڵاتەی گرتووە. كوردستان و پێشمەرگە بۆ فەڕەنسییەكان سیمبوڵی بەرنگاربوونەوەی تیرۆر و تێكشكاندنی ئەفسانەی تیرۆرن. شكانی تیرۆر لەسەر دەستی پێشمەرگە بوو وایكرد ترسی جیهان لە گەشەی تیرۆر بڕەوێتەوە. فەڕەنسا دەیەوێ ڕێز لەو ڕۆڵەی كوردستانیان بگرێت و پێزانینی بۆ هەبێت. فەڕەنسا دەیەوێ سوود لە ئەزموونە سەركەوتووەكەی كوردستان وەربگرێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر وەك هزر و وەك هەڕەشەی ڕاستەوخۆ.
لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا فەڕەنسا دەیەوێ ڕۆڵی هەبێ لە شەڕی تیرۆر و چارەسەركردنی قەیرانە قووڵەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، دەیەوێت ئەو ڕۆڵە لە ڕێگەی پردێكی ئەمینی وەك كوردستان بگێڕێت.