ڕاوێژكارێكی پێشووی مام جەلال: یەكێتی تەواو كەوتووەتە ژێر كاریگەریی ئێران

لەدوای ئەوەی گرووپی خیانەتكاری یەكێتی كەركووكیان بە سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی فرۆشت,ڕاوێژكارێكی پێشووی مام جەلال ئاشكرای كرد كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە تەواوەتی كەوتووەتە ژێر كاریگەریی ئێران، بە رادەیەك كە ”فەرماندەی سوپای پاسداران ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دیاری دەكات“.
سەڵاح موھتەدی، دۆستی دێرین و ڕاوێژكاری پێشووی جەلال تاڵەبی، سكرتێری گشتیی یەكێتی، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی (NRT) ئاماژەی بەوە كرد: ”قەت لە سەردەمی دەسەڵاتی مام جەلالدا بە قەد ئێستا پەیوەندیی نێوان ئێران و یەكێتی گەرم‌وگوڕ و پتەو نەبووە، لەبەر ئەوە یەكێتیی نیشتمانی لەنێو خۆیدا كێشە و ناوكۆكی ھەیە و لاواز بووە”.
ئاماژەشی بەوە كرد: ”فەرماندەی سوپای پاسداران دێت و بە یەكێتیی نیشتمانی دەڵێ با ئەو باڵەیان ئاوا بكات و باڵەكەی دیكە ئاوا بجووڵێتەوە و ئەتۆ مەكتەبی سیاسی بەو، ئەتۆ ببە بە سكرتێر و ئەتۆش ببە بە سەركۆمار و ئەتۆش مەبە، ئەگەر كار گەیشتە ئەو ڕادەیە، مانای ئەوەیە ئێران لەناو یەكێتیدا دەسەڵاتی تەواوی پەیدا كردووە، بەڵام لە زەمانی مام جەلالدا ئەوە قەت ڕووی نەدەدا”.

سەڵاحی موھتەدی جەختیشی لەوە كردووەتەوە: “ئەمە ناوی دەستیوەردانە، بەڵام لە كاتی مام جەلالدا بەو ڕادە و شێوازەی ئێستا نەبوو، چونكە مام جەلال ھەم كەسایەتیی خۆی و ھەم ئەقڵی سیاسی و ھەم نیشتمانپەروەرییەكەی ڕێگای پێ نەدەدا”.

لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی بۆچوونی جەلال تاڵەبانی لەبارەی پەیوەندی لەگەڵ ئێران موھتەدی دەڵێت: “ئەو پێی وا بوو پەیوەندی لەگەڵ ئێران پێویستییەكی جوگرافیاییە و تا ئەم دۆخە جوگرافیاییە ئاوھا بێت، تۆ ناچاری ئەم پەیوەندییەت ھەبێت، بەڵام ناچار نیت ببیتە ژێردەستە و گوێ لەمستی نە دەوڵەتی ئیران و نە ھیچ دەوڵەتێكی دیكە و نەشی كردووە”.
ھەر لە درێژەی باسەدا باسی ئەوەش دەكات: “من بۆ خۆم شەخسەن چەند جار ئاگام لەو نامانە ھەبووە كە مام جەلال بۆ ئێرانی نووسیوە، واتە نامەی توند و قسەی توند و ھەڕەشەی ناردووە و ئەوانیش ئارام بوونەتەوە و داوای لێبوردنیان كردووە و ئەگەر ھەڵەیەكیان كردبێت، ھەلەكەیان ڕاست كردووەتەوە، ڕاستە مام جەلال دەوڵەتێكی گەورەی بەدەست نەبوو، بەڵام كەسایەتی و ناو و نابانگی جۆرێك بوو زەحمەت بوو دەوڵەتێك بتوانێ كەڵكی خراپی لێ وەربگرێت”.

Back to top button