پارێزگاری سلێمانی: داوای سازدانی هەڵبژاردن دەكات
دوای ئەوەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوێنێ لە نامەیەكدا بۆ پەرلەمانی كوردستان داوای زەمینە سازی بۆ سازادنی ریفراندۆمی گشتی لە هەرێمی كوردستان لە ماوەی سێ مانگدا كرد, ئەمڕۆ پارێزگاری سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەكر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند، رێگە چارەی چارەسەری قەیرانەكان هەڵبژاردنە.
هەڤاڵ ئەبوبەكر لە میانی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا رایگەیاند: داواكارییەكانی خەڵكی خۆپیشاندەر رەوان و پشتگیری هەر جوڵەیەكی مەدەنی دەكەین، كە بە شێوازی مەدەنی و یاسایی ئەنجامبدرێت، چونكە ئێمە و خەڵك یەكتر تەواو دەكەین و ئەركمان پاراستنی گیانی خەڵكە و لەگەڵ هیچ گرژی و بەریەك كەوتنێكدا نین.
پارێزگاری سلێمانی داواشی لە میدیا كرد، بە هەستكردن بە گیانی بەرپرسیارێتییەوە و دوور لە هاندان بۆ توندوتیژی رووماڵی رووداوەكان بكەن، وەك ئەوەی كە هەیە نەك وەك ئەوەی كەناڵەكان دەیانەوێت.
لە بەشێكی قسەكانیدا گوتیشی، سندووقی دەنگدان و هەڵبژاردن تەنیا رێگەی چارەسەركردنی قەیرانەكانە.