خۆپیشاندانی گەندەڵكاران دژی گەندەڵی
بە سەرنجدان لەو كەس و لایەنانەی پشتیوانی لە خۆپیشاندانەكانی دەڤەری سلێمانی دەكەن. دیارە ئەو خۆپێشاندانانە دوور و نزیك لە پێناوی بەرژەوەندی خەڵك نییە. چونكە ئەوانەی لە پشت خۆپێشاندانەكانن و هانیان دەدەن بۆ هێرش و پەلامار و سووتاندن. زۆر لە بەرپرسانی ئێستای حكومەتی هەرێم گەندەڵترن. كەچی توانیویانە هێندێك خەڵكی ساویلكە بگەوجێنن و یاری بە عەقڵیان بكەن! با بزانین كێن ئەوانەی خۆیان كردووەتەوە شاسواری رووبەڕوونەوەی گەندەڵی:
گۆڕان:
لەوەتەی دامەزراوە، پەیامی دژایەتیكردنی گەندەڵی بەرزكردووەوتەوە و بانگەشەی دژایەتی گەندەڵی دەكات، بەڵام رێكخەر و بەرپرسانی گۆڕان لە دوای راپەڕینەوە بەشدارن لە هەموو گەندەڵییەكانی كوردستان. بگرە رێكخەری كۆچكردووی گۆڕان نەوشیروان موستەفا ساڵی 2005 لە كۆبوونەوەیەكدا زۆر بەتووندی رووبەڕووی ئەوانە دەبێتەوە كە باسی گەندەڵی حكومەتی هەرێم دەكەن و زۆر ستایشی دەستكەوتەكانی حكومەتی هەرێمیش دەكات! بەرپرسانی گۆڕانیش وەك بەرپرسانی هەموو پارت و لایەنەكانی دیكەی كوردستان هەموو گیانیان گەندەڵییە و خانەنشین و بندیوارن و مووچە و ئیمتیازاتی خەیاڵیان وەرگرتووە و وەریشی دەگرن. ئەوانیش وەك پارتی ویەكێتی دەستیان بە سەر موڵكی گشتیدا گرتووە و مەكۆی سەرەكی گۆڕانیش كە گردی زەرگەتەیە و بایی سەدان ملیۆن دۆلارە موڵكی گشتییە و كاك نەوشیروان دەستی بەسەردا گرت و دواتریش لە سەر كوڕەكانی تاپۆكرا.
یوسف محەمەدی سەرۆك ماوە بۆ درێژكراوی پەرلەمان دوو ساڵە چاوی بە پەرلەمان نەكەوتووە كەچی مووچە و ئیمتیازەكانی وەردەگرێت كەچی ئەمڕۆ بۆ چەواشەكردنی خەڵك دەچێتە ناو خۆپێشاندان!
وەزیرەكەی گۆڕان لە بەغدا بە دەیان فایلی گەندەڵی لەسەرە و میدیای عیراقی دەیانجار لە سەریان نووسیوە. ئیتر چۆن دەتوانن لاف و گەزاڤی دژایەتیكردنی گەندەڵی لێ بدەن !
كۆمەڵی ئیسلامی:
هێزێكی ئیسلامی تووندڕەوە و هیچ باوەڕی بە سیستەمی دیموكراسی و پەرلەمانی نییە و ئەمیری كۆمەڵ عەلی باپیر لەوەتەی هەیە هەر ئەمیرە، كتێبێكی هەیە بەناوی (چارەسەری كێشـەی كورد لە نێوان ئیمان و پەرلەمان ) لەوێدا بە ئاشكر دەڵێ من دژی دیموكراسی و پەرلەمانم! كۆمەڵیش وەك هەموو هێزەكانی دیكە نغرۆی گەندەڵیە و بە شێكە لە دەسەڵات. تەنانەت لەم دۆخە سەختەدا عەلی باپیر ژنێكی تری هێنا!
بەرهەم ساڵح:
چەندین ساڵ لە پۆستی هەرە باڵای دەسەڵات بوو. سەرۆك حكومەتی هەرێم، جێگری سەرۆكی حكومەتی بەغدا، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی و ئێستا سەرۆكی لیست. لەو پۆستانەدا سەدان ملیۆن دۆلاری لە بەردەست بووە و تەخشان وپەخشانی كردووە بگرە لە سایەی دەسەڵاتەكەیدا دەیان دۆست وهاوڕێ و كادیری یەكێتی بە مووچەی زۆر، بندیوار كردووە.
زەوی و زارێكی زۆری بەم سەرمایەدار وئەو داوە. دەیان موڵك و زەویوزاری لە هەولێر و سلێمانی هەیە. لە سەر پۆست وپایە و دەسەڵات نەیتوانی لە ناو حیزبەكەی خۆشیەوە هەڵبكات. ئیدی چ ئومێدێكمان پێ بێت كە ئەمجارە نموونەی حوكمڕانیەكی ناگەندەڵ و بە قسەی خۆی “رەشید” مان پێشكەش دەكات؟!
شاسوار عەبدولواحید:
شاسوار یەكێكە لەوانەی لە پڕێكەوە بووە بە كوڕێك ئەویش بە هۆی دەست تێكەڵكردن لەگەڵ بەرپرسانی گەندەڵی كوردستان. بە شێوەیەكی ناڕەوا و نایاسایی دەیان هەزار دۆنم زەویوزاری پێ بەخشرا. بگرە نزیكەی چل ملیۆن دۆلاری لە حكومەتی هەرێم بە قەرز وەرگرتووە و تا ئێستا نەیداوەتەوە.
لەو ماوەیە وەزارەتی كارەبا رایگەیاند، كە بایی نزیكەی نیو ملیۆن دۆلار پارەی كارەبا قەرزارە و نەیداوە.
پارەی هەزاران خاوەن پشكی چاڤیلاندی خواردووە. چەندین مانگە مووچەی كارمەندانی كۆمپانیا و تیڤییەكانی نەداوە كە بەم دواییانە لە شانۆگەرییەكی كۆمیدیدا فرۆشتنی راگەیاند، كەچی تا ئێستاش هەر رێكلامی بۆ دەكەن.
باشە كەسێك مووچەی كارمەند و كرێكارەكانی خۆی خوارد بێت چۆن بە فرمێسكە درۆیینەكانی باوەڕبكەین بۆ مووچەخۆرانی كوردستان؟!
لاهور جەنگی:
یەكێكە لە پلانداڕێژەرانی خیانەتی گەورەی شازدەی ئۆكتۆبەر كە ئەگەر لە كوردستان دادگە و یاسا كاریگەریی و دەسەڵاتی هەبووایە دەبوو ئێستا لیپێچینەوەی لەگەڵدا بكرێ و سزای خیانەتەكەی وەربگرێت نەك ببێتە دەمڕاستی خۆپیشاندەران.
سەرچاوە:K24