ڕاگەیەنراوێك لە حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە
حكوومەتی هەرێمی كوردستان خۆپیشاندان بە مافێكی ڕەوای هاووڵاتیان دەزانێت و هەمیشە بەرگری لەو مافە كردووە و بەرگری لێدەكات، بەڵام بەنیگەرانییەوە دەڕوانێتە ئەو كردەوە ناشارستانی و توندوتیژانەی ئەمڕۆ لە چەند شار و شارۆچكەیەكی كوردستان بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی ڕوویاندا كە ژمارەیەك لە فەرمانگە حكوومییەكان و بارەگە حیزبییەكانی كردە ئامانج و وێڕای لێكەوتنەوەی چەند بریندارێك، مڵك و ماڵی هاووڵاتیانیش تیایدا زیانیان بەركەوت.
خۆپیشاندانی ئارام و شارستانی بۆ داواكردنی مافەكان لە چوارچێوەی یاسادا، كارێكی دیموكراسیانەی بە تەواوی ڕێگەپێدراوە، بەڵام قۆستنەوەی ئەو مافەو داواكاریی هاووڵاتیان بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی و زیانگەیاندن بە مڵك و ماڵی هاووڵاتیان و نانەوەی پشێوی و تێكدانی ئارامی و سەقامگیری، بەتایبەتیش لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی دژواردا تێدەپەڕێت و لە چەندین لاوە ڕووبەڕووی مەترسیی تێكدان و هەڵوەشاندنەوەی كیانه سیاسی و دەستوورییەكەی بۆتەوە، هیچ سوود و خزمەتێك بە كەس ناگەیەنێت، نەیارانی كوردستان نەبێت، بۆیە بە هیچ شێوەیەك قبووڵ ناكرێت.
دامودەزگا پەیوەندارەكانی حكوومەت دەبێت بە شێوەیەكی شارستانی و بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەكاندا بكەن و سەر و سامان و ئاسایش و سەقامگیریی هاووڵاتیان بپارێزن، ڕێگەش نەدرێت خۆپیشاندان و گردبوونەوەكان بۆ هیچ مەرامێك و لە هیچ لایەنێكەوە بقۆزرێنەوه و سەرپێچیكاران ڕووبەڕووی سزای یاسایی بكرێنەوە.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان
18/12/2017