ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی بۆ 5 ته‌وه‌ر كۆده‌بێته‌وه‌

ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئه‌مڕۆ سێشەممە  بڕیاره‌ كۆببێته‌وه‌ و له‌ کۆبوونەوەكه‌ش تاوتوێی 5 ته‌وه‌ر و پرس بكات له‌ سه‌ر ئاستی پارێزگای سلیمانی.”

ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ 19/12/2017  ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ 5 ته‌وه‌ر كۆدەبێتەوە، له‌وانه‌ش” پرسی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران، بۆردوومانکردنی هەندێ ناوچەی سنووری لەلایەن تورکیا‌، دۆخی کارەبا، تاوتوێکردنی زیانەکانی بوومەلەرزەی دەربەندیخان و پێدانی دوو پۆست بە دوو كاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان.”

له‌و باره‌وه‌ (ئەنوەر تاهیر) جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رایگه‌یاندوه‌ ” كه‌ چەند تەوەرێكی گرنگ هەن بۆ گفتوگۆكردن، لەوانە راپۆرتی بوومەلەرزەكەی سنووری دەربەندیخان، خۆپیشاندانەكانی سنووری سلێمانی، بۆردوومانکردنی هەندێ ناوچەی سنووری لەلایەن فڕۆكەكانی توركیا، هاوكات بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای سلێمانی بانگهێشتكراوە بۆ ئەوەی روونكردنەوەی پێویست لەسەر دۆخی كارەبای پارێزگاكە بدات”.

جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی باسی لەوەش كرد کە هەر ئەمڕۆ دوو كاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان پۆست وەردەگرن‌ و گوتی: “كەریم عەلی كەریم لە شوێنی د. هەڤاڵ ئەبوبەكر لە فراكسیۆنی گۆڕان دەبێتە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاری سلێمانی، جگەلەوە دەستلەكاركێشانەوەی بەهادین ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكان قبوڵ دەكرێت، لە شوێنی ئەو كەمال مستەفا كە كاندیدی گۆڕانە دەبێتە بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی”.

Back to top button