عەبادی: ناتوانین مووچەی كوردستان بدەین
دوای ئەوەی چەندین جار رایگەیاندووە كە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەنێرێت ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوتاری هەفتانەیدا، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، حكومەتەكەی ناتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بنێرێت.
عەبادی بۆ نیشاندانی پاكانەش بۆ قسەكانی، بوونی گەندەڵی كردە پاساوێك بۆئەوەی خۆی لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بدزێتەوە و بەقسەی خۆی بەهۆی بوونی گەندەڵی، حكومەتی عێراق ناتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بنێرێت، ئەمەش لەكاتێكدایە كە لە لیستی گەندەڵی جیهانیدا، ناوی عێراق لە لووتكەی وڵاتە گەندەڵەكاندا هاتووە.
ئەم لێدوانەی عەبادیش ئاماژەیەكە بۆ بەردەوامیدان بە گەمارۆكانی حكومەتی عێراق بۆ سەر هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی و هەروەها رەتكردنەوەی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەڕێگەی دیالۆگەوە.
ئەمەش لەكاتێكدایە، هەر ئەمڕۆ چەندین چاودێر و شرۆڤەكار رای خۆیان لەبارەی خۆپیشاندانەكانی ئەم دوو رۆژەی هەرێمی كوردستان نیشانداوە و ئەوان لەو باوەڕەدان، دواجار هەر ئەو سیاسەتەی حكومەتی عێراق بەرامبەر بە خەلكێ كوردستان وایكردووە، خەڵكی كوردستان ناڕەزایەتی نیشان بدات، كە مالكی لە سەردەمی كابینەكەیدا قوتی خەڵكی هەرێمی كوردستانی بڕی و دواتر بوو بە ڕێبازێك بۆ عەبادیش كە بەرامبەر بە كورد هەمان سیاسەت پەیڕەو بكات.