یەكێتی: ئەم ئاژاوەگێڕییە قبوڵ ناكەین

ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە بارەی رووداوەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە: “لەژێر هەر ناونیشان ‌و پاساوێكدا ئەم جۆرە رەفتارە نادیموكرات ‌و ناشارستانی ‌و ئاژاوەگێڕییە قبوڵ ناكەین”.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە: “رایدەگەیەنین ئەم كردەوە ‌و رەفتارە ناجۆرانە لە تێكدان ‌و سووتاندن ‌و ئاژاوەگێڕیی بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ بنەماكانی دیموكراسی ‌و ئازادیی رادەربڕین ‌و خۆپیشاندانی مەدەنی و یاسایی ناگونجێت “.

هەروەها هاتووە: “هاندان ‌و دنەدانی میدیا ئاراستەكراوەكان بۆ ئاژاوەگێڕیی بەناوی ئازادیی كاری میدیاییەوە هەرگیز پەسەندكراو نییە. خوێنی هەموو ئەو كەسانەش كە دەكرێنە قوربانی بەهۆی هاندانی نابەرپرسانەوە لەئەستۆی ئەو كەناڵانەو ئەوانەدایە كە بە ئەجێندای ئاژاوەگێڕیی لەپشتیانەوەن”.

دەقی راگەیەندراوەكە

راگەیەندراوی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی

كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان

لە دوو رۆژی رابردوودا چەند گرووپێكی ئاژاوەگیڕ لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان، بەناوی خۆپیشاندانەوە پەلاماری شوێنە گشتییەكان ‌و دامەزراوە حكومی و حزبییەكان‌و پەلاماری ماڵی هاووڵاتیان ‌و دوكاندار‌و بازاڕی خەڵكیشیان داوە. بە سووتاندن ‌و تێكدان ‌و تەنانەت بە شڕەخۆریش، رەوشێكی نالەبارو دژواریان لەناو شارەكاندا دروستكردووە، دیمەنێكی شێواویان لەسەر ژیانی ئاسایی خەڵك دروستكردووە ‌و بوونەتە مەترسیی لەسەر بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستانیش.

ئێمە وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەكاتێكدا پابەندبوونی خۆمان بە پرەنسیپەكانی ئازادیی ‌و دیموكراسی ‌و مافی خۆپیشاندان و داخوازی رەوای كۆمەڵانی خەڵك دووپات دەكەینەوە ‌و خۆمان بە بە پێشەنگی چەسپاندنی ئەو پرەنسیپانە لە یاساو بنەما سیاسییەكانی حزبەكەمان دەزانین، رایدەگەیەنین ئەم كردەوە ‌و رەفتارە ناجۆرانە لە تێكدان ‌و سووتاندن ‌و ئاژاوەگێڕیی بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ بنەماكانی دیموكراسی ‌و ئازادیی رادەربڕین ‌و خۆپیشاندانی مەدەنی و یاسایی ناگونجێت. ئێمەش كە خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین لە بەرامبەر پاراستنی سەروماڵ ‌و گیانی هاووڵاتیان ‌و موڵكی گشتی ‌و دەزگا خزمەتگوزراییەكانی شارو شارۆچكەكان بەتایبەتی ‌و خزمەتگوزاریی وێستگەكانی ئاوو كارەبا لەم بارودۆخە دژوارەی زستاندا لەژێر هەر ناونیشان ‌و پاساوێكدا ئەم جۆرە رەفتارە نادیموكرات ‌و ناشارستانی ‌و ئاژاوەگێڕییە قبوڵ ناكەین، ‌و بەتوندی رەتی دەكەینەوە. پێمانوایە داوای رەواو شەرعیی‌و دادپەروەرانە سەبارەت بە مووچەو گوزەران ‌و ژیانی شایستە بۆ هاووڵاتیان ‌و تێكەڵكردنی ئەمانە لەگەڵ كاروكردەوەی ناڕەواو تێكدەرانە‌و ئاژاوەگێڕانە و رەفتارێكی ترسنۆكانەیە و زیان بە داخوازییە رەواكانی خۆپیشاندەرانی ئاسایی دەگەیەنێت.

هەروەها ئەوەش رادەگەیەنین كە هاندان ‌و دنەدانی میدیا ئاراستەكراوەكان بۆ ئاژاوەگێڕیی بەناوی ئازادیی كاری میدیاییەوە هەرگیز پەسەندكراو نییە. خوێنی هەموو ئەو كەسانەش كە دەكرێنە قوربانی بەهۆی هاندانی نابەرپرسانەوە لەئەستۆی ئەو كەناڵانەو ئەوانەدایە كە بە ئەجێندای ئاژاوەگێڕیی لەپشتیانەوەن.

داوامان لە دادگا‌و دەزگا یاسایی ‌و دامودەزگا بەرپرسەكانە كە بەرپرسیارێتی وەزیفی ‌و یاسایی ‌و نیشتمانیی خۆیان بەرامبەر بە هاووڵاتیان ‌و شارو شارۆچكەكان لە ئەستۆی خۆیان بگرن ‌و ئیجرائاتی قانونی رەواو پێویست دژی ئاژاوەگێڕان ‌و گرووپی پشتیانەوە بگرنەبەر.

بەو بۆنەیەشەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك داواشمان كردووە روو لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە كە هەموو هەوڵەكانی خۆی بۆ باشتركردنی گوزەران ‌و سیستمی مووچەی فەرمانبەرانی حكومەت بەگشتی بخاتەگەڕ، بەتایبەتیش هی مامۆستایان ‌و هەروەها هی پێشمەرگەو هێزەكانی پۆلیس‌و ئاسایش كە پارێزەری ئاشتی ‌و پارێزەری سەروماڵی هاووڵاتیانن و دوو رۆژی رابردوو ئەركی زۆریان بۆ پاراستنی ژیان ‌و سەلامەتیی لەئەستۆ بووە.

داوا لە هەڤاڵان ‌و تێكۆشەران ‌و جەماوەری سەربەرزی یەكێتیش دەكەین كە خۆیان ‌و كەسوكاریان هەزاران هەزار قوربانیان بۆ ئازادیی كوردستان داوە، وەك هەمیشە داكۆكیكاری سەرسەختی رێبازی نیشتمانی ‌و دیموكراسی حزبەكەیان بن، كە رەوتی دەیان ساڵەی خەباتەكەی سەلماندوێتی هەر ئەوە لەتەنگانەدا پارێزەری دیموكراسی ‌و ئازادی ‌و مافی مەدەنی ‌و نەتەوەیی‌و نیشتمانیی خەڵكی كوردستانە و حزبەكەتان ‌و ئۆرگانەكانی لەگەڵ حزبەكانی تر كە نیشانەی فرەییە، بپارێزن. بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان لەئاسوودەیی ‌و ئاسایشدا بژین ‌و دیموكراسی ‌و ئازادیییەكەیان پارێزراو بێت لەدەست ئەوانەی سەلماندیان مانای دیموكراسی ‌و ئازادی ‌و فرەیی نازانن.

داواش لە حزب ‌و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەین، كە دیمەنی دیموكراسیی كوردستان پێكدێنن، بەرپرسانە سەنگەری خۆیان لە بەرەی پاراستنی ئەم ئەزموونەی كوردستان پتەوبكەن ‌و بەشداربن لە پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلەكەمان لە هەر هەڕەشەیەكی ئاژاوەگێڕانە ‌و تیرۆریستانی خۆ مەڵاسدەر كە ئەجێندای دوژمنانی گەلەكەمان جێبەجێ دەكەن.

پاراستنی ئەو ئەزموونە بەبەشداریی هەموومان هەلومەرجێكی لەبارتر بۆ چوون بەرەو هەڵبژاردنێكی دیموكراتی ‌و پاك و بێگەرد فەراهەم دەكات، بۆ هێنانەكایەی حكومەتێكی نوێ كە لەگەڵ خواستی قۆناغێكی نوێی گەلەكەمان‌و هێزە سیاسییەكاندا بگونجێت كە حكومەتێكی دیموكرات ‌و خزمەتگوزار بێت.

ئەنجومەنی سەركردایەتیی

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

19/12/2017

Back to top button