رۆژنامەی الاخبار : ئەو بارودۆخەی ئێستا لە كوردستان دەرفەت بۆ جێبەجێكردنی ئەجیندای عەبادی دەرەخسێنێت
رۆژنامەی “الاخبار” كەلەلایەن حزبوڵای لوبنانییەوە سەرپەرشتی دەكرێت، ئەمڕۆ چوارشەممه 20/12/2017 لە راپۆرتێكدا باسی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و “خۆپیشاندانەكانی” پارێزگای سلێمانی كردووەو نوسیوویەتی “ئەو بارودۆخەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان هەیە، دەرفەت بۆ حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەرەخسێنێت تا ئەجێندای خۆی بۆ دووبارە دابەشكردنەوەی هەرێمی كوردستان بۆ دوو ئیدارە جێبەجێ بكات”.
رۆژنامەی “الاخبار” دەڵێت “نەخشەی هەرێم هەمووار دەكرێت و قسەكردن دەربارەی گفتوگۆی نێوان بەغدا و هەولێریش پێدەچێت بەرهەمی نەبێت و دواخرابێت، چونكە قسە هەیە تا سەرەتای ساڵی نوێ ئەنجام نەدرێت، ئەوەش دەرفەتی بۆ عەبادی رەخساندووە تا ئەجێندای خۆی لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات”.
رۆژنامەی “الاخبار” ی حزبوڵای ئێرانی باسی ئەو بارودۆخە دەكات كە بەناوی خۆپیشاندان و داخوازی مووچە و باشكردنی گوزەرانی خەڵك پێش دوو رۆژ لە ناوچەكانی پارێزگای سلێمانی و كۆیە دەستیپێكرد و بە توندوتیژی و كوژرانی ژمارەیەك كەس و سووتاندن و وێرانكردنی بەشێك لە دەزگا حكومی و حزبییەكانی پارێزگاكە كۆتاییهات.