ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی :داوا دەكات حەشدی شەعبی لە ڕیزی دەزگا ئەمنیەكاندا ڕێكبخرێنەوە
فەتواكەی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، بە چوونی حەشدی شەعبی بۆ ناو ریزەكانی سوپای عێراق بەمانای قۆرخكردنی سوپای عێراق لەلایەن شیعەكانەوە لێكدەدرێتەوە. وتەبێژی حەشدی نیشتیمانی سونەكانیش چوونی حەشدی شەعبی بۆ ناو سوپای عێراق بە تێكچوونی هاوسەنگی هێز دەزانێت لە عێراقدا.
ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق داوا دەكات، ئەو گرووپە چەكدارانەی بەشداری شەڕی داعشیان كردووە پێویستە لە ریزی دەزگا ئەمنییەكاندا ڕێك بخرێنەوە، ئەمەش بەو مانایە دێت كه حەشدی شەعبی بچێتە ناو رێزەكانی سوپای عێراقەوە.
لە بەرامبەردا زوهێر جبووری، وتەبێژی حەشدی نیشتیمانی سوونەكان رایگەیاند: ” تێكەڵكردنی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق ئەوە كێشەیەكی نوێیە لە عێراق، چونكە هاوسەنگی هێز تێكدەدات، ئێمە هیچ كێشەمان نییە هەر هێزێك لە ژێر فەرمانی سوپا و سەرۆك وەزیران بێت، ئەوەی گرنگە سوپا دەبێت نیشتیمانی بێت، بەڵام ئەوەی دەبینین تێكچوونی هاوسەنگی هێز و زیاتر كردنی دەسەڵاتی شیعەكانە لە ناو سوپادا”.
لای خۆیەوە (عادل كاكەیی) شارەزای سەربازی گوتی : “ھێزێكی سەربازی بە فتوای پیاوێكی ئاینی كە تەمسیلی ھەموو پێكھاتەكانی ئەم وڵاتە نەكات، لەبەر بەرژەوەندی تایفەیەك ھەڵەیەكی گەورەیە”.