سبەی حكومەتی هەرێم جێگەی وەزیرەكانی گۆڕان و كۆمەڵ پڕدەكاتەوە
دوای ئەوەی ئەمڕۆ هەر یەكە لە بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی بڕیاری كشانەوەیان لە حكومەت دا, سەرچاوەیەكی باڵا لە حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاندێت كە سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ خستنەڕووی ئەنجامی سەردانەكەی شاندی باڵای حكومەتی هەرێم بۆ ئەڵمانیا كۆدەبێتەوە.
بە گوێرەی زانیاری ئەو سەرچاوەیە، لەو كۆبوونەوەیەدا، پرسی پڕكردنەوەی شوێنی وەزیرە دەست لەكاركێشاوەكانی گۆڕان و كۆمەڵ تاوتوێ دەكات كە بە وەكالەت پڕ بكرێنەوە یان كاندیدی نوێ پێشكەشی پەرلەمان بكەن.
سەرچاوەكە ئەوەشی خستەڕوو، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە تایبەت دەبێت بە تاوتوێكردنی پرسی خۆپیشاندان و پشێوی ئەم دوو سێ رۆژەی دوایی پارێزگای سلێمانی و دەڤەری رانیە و گەرمیان.
ئاماژەشی بۆ ئەوە كرد، ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی كوردستان تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە دەبن.