هەولێری ترسنۆکن ، یان پارتی دیکتاتۆرە ؟!
بهمن کاك عبداللە
ئەوەی لە ۱۷ ی شوباطی ساڵی ۲٠۱۱ ەوە جەماعەتی ئیرهابی فکری و هاوئاوازەکانی کردویانە بە بنێشتە خۆشەی سەرزاریان ، ئەو دوو ڕستەیەیە ، جارێك دەڵێن پارتی دیکتاتۆرە و بەئاگر و ئاسن حوکم دەکات ، جارێك دەڵێن هەولیری ترسنۆکە و ناتوانن خۆپیشان دان بکەن جا ئیستا وای لێهاتوە خوێندەوارەکانیان یش ئەم ئاوازە دەژەنن !!
نەهەولیری ترسنۆکن ، مێژووی سەدان ساڵەی هەولیر و شەهید و فەرماندەکانیان شاهیدن کە هەولیر قەت نەترساون لە شەڕی داعشیش ژمارەی شەهیدەکانی هەولیر گەر دوو بەقەد سلێمانی نەبووبێت کەمتر نیە ، بەڵام بۆچی هەولێر خۆپیشاندان ناکات و سلێمانی خۆپیشان دان دەکات ، جیاوازیەکە ئەوەیە حوکم ڕانی هەولێر کەپارتیە شارەکەی کردوە بەجوانترین شار و پایتەختێکی گرنگ و ڕازاوەی ناوچەکە ئەزانن کام هەولیر ئەوەی سەرکردەکانی ئێوەپێیان دەوت گەورەترین گوند ، هەولیریەکان کلتوری جنیو بەخەلک و سوکایەتی کردن بە شار و شێوەزارەکانی تریاننیە.
بەڵام سلێمانی حوکمڕانەکانی لە جوانترین شارەوە کردیان بەوێرانە هەرچی داهات و پارەی شارە كڕاندیانەوە ، بەناوی ئازادیەوە ئارامی و کار و کاسبیان لێ تێکدان ، هەرچی جنیو فرۆش و موزایدەچی هەبوو لەسەر حسابی بەردەرکی سەرای سلێمانی بوون بە پەرلەمانتار و کورسی پەرلەمان ، پاشان بمبورن لەسلیمانی کلتوری شارچێتی و گاڵتەکردن بە شێوەزار هەر هەبوە .
لە هەولێر نەك جنیو بەپارتی نادرێت بەڵکو جنێو بە گۆڕان ویەکیتی ش نادرێت ، چونکە نەکلتوری هەولێر و نەپەروەردەی حوکم ڕانەکەشی ڕێگەی نەداوە و نادات ، ئەوجا بڕۆ پیاسەیەکی ناو بەقاڵەکانی سلێمانی بکە و چایەك لە چایخانەی شەعب بخۆ بزانە گوێت لەچەن جنێو دەبێت بەپارتی و بارزانی .
ئایەپارتی دیکتاتۆرە و بەئاگر و ئاسن حوکم دەکات ؟
پارتی بەئاگر و ئاسن حوکم ناکات و هەولیر و دهۆکی بە ئاگر و ئاسن کپ نەکردوە ، پارتی ئارامی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی بەخشیوە بەهەولیر ڕێگەو بانی بێ چاڵ و چۆڵ و پارك و شاری یاری و بازاڕی مودیرن و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی و ئازادی ڕا و بیرکردنەوەی بەخشیوە پارتی ئیرهابی فکری دژی نەیارەکانی لە هەولیر بەکار نەهێناوە ، گەر هەر سورن لەسەرئەوەی پارتی دیکتاتۆرە با بپرسین ؟
ـ ژمارەی ئەو ڕۆشنبیر و ڕاگەیەندکار و هونەرمەند و نوسەرانە چەندن لە هەولیرەوە هەڵهاتوون بۆ سلێمانی ئەی بەپێچەوانەوە ؟
ـ ژمارەی ئەو ڕۆژنامە نوسانەی کە تێهەڵدان کراون و سەرو گوێلاکیان شکاون لە سلێمانی زۆرترن یان هەولیر ؟
ـ ئەی ژمارەی ئەو سیاسیانەی لە هەولیرەوە هەڵهاتوون بۆسلێمانی چەندن بەدکتۆر بەرهەم و علی باپیر یشەوە.
ـ لەهەمووی گرنگتر سەیری دەنگەکانی گۆڕان و یەکێتی لەهەولێر بکەن و سەیرێکی دەنگەکانی پارتیش بکەن لە سلێمانی ئەوکات دەزانن کێ دیکتاتۆرە و خاوەنی ئیرهابی فکری ە .
لە کۆتایدا بەس ئەوەندە دەڵێم سەیرێکی وێنەکانی هەولێری پێش ساڵی ۱۹۹٦ و وێنەکانی ئێستای هەولێر بکەن باش تێ دەگەن بۆچی هەولێر خۆپیشاندان ناکات و ئارامی و جوانی شارەکەی و مێژووەکەی ناسوتێنێ .