ئەدهەم بارزانی: ئەو هێزەی هێنراوەتە سلێمانی بۆ پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتیانە

دوای ئەوەی ئەمڕۆ هێزێكی تایبەتی پێشمەرگەی زێرەڤانی گەیشتنە سلێمانی, سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی سلێمانی و هەڵەبجەی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەدهەم بارزانی، رایگەیاند، هێز لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە جوڵەی پێكراوە و حكومەتی هەرێم زۆر لە خەمی ئەم سنوورەدایە.

ئەدهەم بارزانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: توندوتیژی لە پێگە و ناوبانگی سلێمانی و سنوورەكەی ناوەشێتەوە.

روونیشیكردەوە، ئەو هێزەی هاتووە بۆ پاراستنی بارەگاكان نەهاتووە و بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی خەڵك هاتووە و بەرەنگاری هەر هێزێك دەبێتەوە بیەوێت ئاسایش و ئارامی سلێمانی تێكبدات.

ئەدهەم بارزانی روونیشیكردەوه، هەر لایەنێك بڕیاری دەرچوون لە حكومەت دەدات، مافی خۆیەتی بە مەرجێك لەسەر حسابی خەڵك و بەرژەوەندییەكانی خەڵك نەبێت.

هەروەها گوتی: لە پشت خۆپیشاندانەكانەوە هاڕەی فیشەك دەهات، ئەوە دەریخست پیلانێك هەیە و دەستێكی گێرەشێوێن هەیە بۆ تێكدانی سەقامگیری.

Back to top button