ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی بابەتی مووچەی هێزەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە كرد
لەمیانەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لیژنەیەكی وەزاریی تایبەتی ڕاسپارد كار لەسەر بابەتی ڕێكخستنەوەی مووچەی هێزەكانی ئاسایش و ئاسایشی ناوخۆ و پێشمەرگە بكات داواشی لە لیژنەكە كرد كە بگاتە ئەنجامێكی وەها كە كاریگەری زۆری لەسەر ئەو هێزانە نەبێت كە خۆیان مووچەكانیان كەمە.
ماڵپەری فەرمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە كە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 21/12/2017 بە سەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ساز كرد.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا ئەنجومەنی وەزیران بەخێرهاتنەوەی ڕێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ سەر كارەكەی و ئەم هەنگاوەی ناوبراوی لەو ڕەوشە سەختەی ئێستای هەرێمی كوردستاندا لە خەمخۆرییان بۆ تێپەڕاندنی ڕەوشی ئەمڕۆی كوردستان لێكدرایەوە و بەرز نرخێنرا، و لە بەرامبەردا رێباز حەملان سوپاسی ئەنجومەنی وەزیرانی كرد و جەختی كردەوە لەسەر بەردەوامبوون و تەواوكردنی نەخشەڕێگای حكومەتی هەرێم بۆ چاكسازی لە بواری دارایی گشتی كە پێشتر دەستی پێكردووە لە پێناوی تێپەڕاندنی دۆخی دارایی ئێستای هەرێم و دابینكردنی مووچەی شایستە بۆ مووچەخۆران لە ساڵی 2018دا و ئەمەش لە پێشینەی كارەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەبێت.
هەروەها ئەنجومەن سوپاس و دەستخۆشی لە ڕابەر سەدیق بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابووریی بە وەكالەت كرد كە لە ماوەی ڕابردوودا توانیویەتی بە شێوەیەكی سەركەوتووانە كارەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری بەڕێوە ببات و هەوڵ و ماندووبوونەكانی بەرز نرخێنرا.
له بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لەو ڕووداوه نەخوازراوانه كرا كه له چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕوویاندا، لەمبارەیەوه ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی كردەوه كه داواكارییەكانی خەڵك ڕەوان و خۆپیشاندانیش مافێكی ڕەوای هەموو هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانە، بەڵام هەندێك كەس و لایەن دەخوازن خۆپیشاندانەكان و داوای خەڵك بەڵاڕێدا بەرن و بۆ مەرامی تایبەتیی خۆیان بقۆزنەوه و هەر بەهۆیەوه چەندین دەزگای حكوومەت و بارەگای حزبی سوتێنران. ئەنجومەن سەرەخۆشی له كەسوكاری قوربانیانی ئەو ڕووداوانەی كرد و هیوای چاكبوونەوەی بۆ برینداران خواست و داوای له هاوڵاتیان كرد له خۆپیشانداندا زیاتر چاوكراوه بن و ڕێگه نەدەن هیچ كەسێك توندوتیژی بەكار بهێنێت چونكه دەزگا حكوومییەكان دەزگای گشتین و پاراستنیشیان ئەركێكی گشتی یه و به شێوەیەكی مەدەنیانه داوای مافەكانی خۆیان بكەن و هێزەكانی ئەمنیش به شێوەیەكی مەدەنی گیانی خۆپیشاندەران بپارێزن.
دواتر نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پوختەیەكی دەربارەی سەردانی فەرمیی شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بۆ ئەڵمانیا و كۆبوونەوە و دیدارەكانیان لەگەڵ خاتوو ئەنگێلا مێركل ڕاوێژكاری ئەڵمانیا و بەڕێزان وەزیرانی دەرەوە، كە جێگری سەرۆك وەزیرانیشە، و وەزیری بەرگری و لیژنەكانی پەیوەندییەكانی دەرەوه و بەرگریی پەرلەمانی ئەڵمانیا پێشكەش كرد كە تیایادا چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستووری عێراق و بە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگ و یەكڕیزی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی هەرێم، جەختی لەسەر كرانەوە.
دووپاتیشی كردەوە كە ئەڵمانیا و فڕەنسا پشتگیری لە هەرێمێكی بەهێز لە كوردستانی عێراق دەكەن و ئەو سیاسەتەی عێراقیان قبووڵ نییە كە بەرامبەر هەرێمی كوردستان بەكاری دەهێنێت و بەو مەرجە هاوكاریی عێراق دەكەن كە كێشەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارەسەر بكات لە چوارچێوەی دەستووردا. هەروەها ئاشكرای كرد كە ئەوان لە هاوكاریكردنی پێشمەرگەی كوردستان بەردەوام دەبن.
ئەنجومەنی وەزیران سەردانەكەی شاندی باڵای هەرێمی كوردستانی بۆ ئەڵمانیا بە سەركەوتوو و بەرهەمدار وەسف كرد.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا ئەنجومەنی وەزیران پاراستنی یەكڕیزی و یەكدەنگی لە هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و ئەنجامدانی هەڵبژاردنیشی بە تاكە چارەسەری كێشە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان زانی.
سەبارەت بە دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران له هەردوو فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان كه دوێنێ له كەناڵەكانی ڕاگەیاندن بڵاوكرایەوه، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا كه له چوارچێوەی ڕێكاره یاساییەكانی هاتوو له یاسای ئەنجومەنی وهزیرانی هەرێمی كوردستان ژماره 3ی ساڵی 1992 مامەڵه بكرێت تا دەستلەكاركێشانەوەكەیان چوارچێوەی یاسایی وەردەگرێت، لەسەر ڕاییكردنی كاروباری هاووڵاتیان بەردەوام بن، بە پێویستیش زانرا بەر لە بڕیاری دەستلەكاركێشانەوه، له چوارچێوەی یاسای ئەنجومەنی وەزیراندا مامەڵەیان لەگەڵ ئەم پرسه كردبا.
لە بەشێكی دیكەی كارنامەی كۆبوونەوەكەدا ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای چاكسازی و ڕێكخستنەوەی كەرتی وەزیفەی گشتی و خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان خرایە بەر باس و گفتوگۆ و لەلایەن د. ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانەوە ناوەرۆك و ووردەكاری پڕۆژە یاساكە بۆ ئامادەبووان شیكرایەوە، كە ئەم پڕۆژە یاسایە لە دوا كۆبوونەوەی هاوبەشی پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بنەما سەرەكییەكانی خرانەڕوو بە ئاڕاستەی ڕێكخستنەوەی كەرتی وەزیفەی گشتی و خانەنشینی لە سەرجەم كەرتەكانی شارستانی و سەربازی و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، و هەروەها تەرخانكراوەكانی چاودێری كۆمەڵایەتی، و بەرپاكردنی دادپەروەری و یەكسانی لە خەرجكردنی مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتە داراییە گشتییەكانی تر، و بەرگرتن لە سوودوەرگرتنی ناڕەوا و ناقانونی لە تەرخانكراوەكانی بودجەی گشتی، و لە پێناوی زامنكردنی مووچەی مووچەخۆر و خانەنشین و كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و كەمئەندام و خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان و سوودمەندانی تری شایستەی چاودێری كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی چیتر مووچەخۆری ڕاستەقینەی شایستە، نەبێتە قوربانی خەڵكانی ناشایستە.
دوای پێشكەشكردنی چەند تێبینی و سەرنجێك لەلایەن ئامادەبووانەوە، ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە یاساكەی پەسەند كرد و دەستخۆشی لە ئامادەكارانی پڕۆژە یاساكە كرد لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و هەندێك لە لیژنەكانی پەرلەمان و دامەزراوەكانی چاودێری دارایی و دەسپاكی و داواكاری گشتی و ئەنجومەنی شوورا و بڕیار درا پڕۆژە یاساكە ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستان بكرێت بەمەبەستی پەسەندكردنی و هەرچی زوو كەوتنەبواری جێبەجێكردنەوە كە كاریگەری بەرچاوی دەبێت لە كەمكردنەوەی خەرجی گشتی و بەرجەستەكردنی دادپەروەری لە بواری ئەرك و مافی مووچەخۆرانەوە.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا هەوڵە بەردەوامەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ تیمی شارەزایانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی خرایەڕوو بۆ دەستەبەركردنی بەشە بودجەی شایستەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە لە چوارچێوەی دەستووری عێراق، ئەنجومەنی وەزیران ئەم هەوڵانەی بەرز نرخاند و دەستخۆشی لێ كردن.
سەبارەت ڕێكخستەوەی مووچەی هێزەكانی ئاسایش، ئاسایشی ناوخۆ و پێشمەرگە، دوای خستنەڕووی چەند پێشنیاز و تێبینییەك لەمبارەیەوە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا بە ڕاسپاردنی ئەو لیژنە وەزارییەی كە كار لەسەر ئەم بابهتە دەكات، لەسەر كۆبوونەوەكانیان بەردەوام بن تا بگات بە ئەنجامێك كە كاریگەریی زۆری نەبێت لەسەر ژیان و بژێوی ئەو هێزانه بەتایبەتیش ئەوانەی كه خۆیان مووچەكانیان كەمه، چونكه ڕۆڵی ئەم هێزانه له تێكشاندنی ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش و بەرگریكرن و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان هەبووه و ئەنجومەنی وەزیرانیش به هەندی وەردەگرێ و بەرزی دەنرخێنێت.