پارتی بەرپرسی سەركردایەتی سلێمانی و كەركووك دەگۆڕێت

پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەی لەرابردوودا چەند گۆڕانکاریەکی ئەنجامداوە، وابڕیارە چەند گۆڕانکاریەکی دیکە لەداهاتوودا ئەنجامبدات، ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد، بڕیاری گۆڕینی بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتی كەركووك-گەرمیانی پارتی و دانانی كەسێكی تر لە شوێنی بەرپرسی لقی شێخانی پارتی بڕیاریان لێ دراوە، هەروەها بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتی سلێمانیش دەگۆڕێت.

عارف تەیفوور ئەندامی سەركردایەتی پارتی و بەرپرسی میحوەری خازر  ڕایگەیاند، بڕیار لە دانانی كەمال كەركووكی لە شوێنی سەلاح دەلۆ وەك بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك-گەرمیان دراوە و هاوكات لە شوێنی شەهید واحید باكۆزی بەرپرسی پێشووی لقی شێخان، قادر قاچاغ دەستبەكار دەبێ.

لەبارەی بوونی خۆی بە بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی سلێمانی پارتی، تەیفوور گوتی، باس لەوەیش دەكرێ، بەڵام من لە سەنگەرەكانمان و زانیاری تەواوم لا نییە.

سەرچاوەیەك لە سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاندوو، بڕیار گۆڕانكاری لە بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتی سلێمانی پارتیش دراوە و عارف تەیفوور لە شوێنی ئەدهەم بارزانی ئەو پۆستە وەردەگرێ، بڕیارەكان یەكلابوونەتەوە و ماوەتەوە ڕۆژی جێبەجێ كردنیان دیاریی بكرێ.

لە ساڵی ڕابردووەوە پارتی دیموكراتی كوردستان دەستی بە هەڵمەتێكی گۆڕانكاری و چاكسازی لە ناو حزب كردووە و پێشتریش چەندان بەرپرسی لق و مەكتەبەكان گۆڕانكارییان تێدا كرا.

Back to top button