بەڤیدیۆ..هێزەكانی ئێران بەدوای ئەو پێشمەرگەیەوەن كە ئاشكرای كرد ئێران لەپشت خۆپیشاندانەكانی سلێمانیە

دوای ئەوەی گەڕێكی دیكەی نا ئارامی لە سنوری سلێمانی بە ناوی خۆپیشاندان لە ماوەی چوار رۆژی رابردوو بینرا, زۆرێك لە چاودێرو رۆژنامەنووسان ئێرانینان لە پشتی سیناریۆی خۆپیشاندانەكان بینی, پێشمەرگەو پاسەوانی ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیش راستی پشت رووداوەكانی سلێمانی ئاشكرادەكات كە ئێران لە پشت خۆپیشاندانەكانی سلێمانیە
لەتیف تەپەڵویی كە پێشمەرگەیەكی دێرینی خەڵكی دەڤەری گەرمیانە و بە پێی زانیارییەكان تا پێش ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر یەكێك بووە پاسەوانە تایبەتەكان و كەسە نزیكەكانی مەحموود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان دەڵێ بەڵگەی تەواوم هەیە كە ئەوەی ئێستا لە سلێمانی و چەمچەماڵ و ناوچەكانی دیكەی كوردستان بەناوی خۆپێشاندان ڕوودەدات قۆناغی دووەمی پیلانی كۆماری ئیسلامی ئێرانە لە دژی كوردستان.
تەپەڵویی لە لاپەرەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ڤیدیۆیەكی بڵاوكردووەتەوە و تیایدا چەند زانیارییەك سەبارەت بە ڕووداو و خۆپێشاندانەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی چەند ناوچەیەكی كوردستان بلاودەكاتەوە و دەڵێ: “كۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆڵێكی گرنگی هەبوو لە لەدەستدانی لە %50ی خاكی كوردستان و من 15 ڕۆژ پێش ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر چەند زانیارییەكم لەبارەی پیلانەكانی ئێران هەبوو و ئێستا چەند بەڵگەیەكی گرنگمان لایە كە بڵاویان دەكەمەوە”.
دەشڵێ: “ئەو خۆپێشاندان و ئاژاوەگێڕییەی لە چەند ناوچەیەی كوردستان ڕوو دەدەن قۆناغی دووەمی پیلانەكەی كۆماری ئیسلامی ئێرانە كە لەگەڵ بەغدا جێبەجێی دەكەن و دەیانەوێت بێنەوە هێڵی 36ی جاران و ئێستا 20 بنكە و بارەگای كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانین و بۆ ئەو مەبەستەش بەڵگەی زۆرم لایە”
ئاشكراشی دەكات كە لە كاتی ڕیفراندۆمدا مام جەلال تاڵەبانییان بەهۆی فشارێكەوە بردووە بۆ ئێران و دەڵێ: “ئەگینا تاڵەبانی ئاگای لە هیچ نەبوو”.
لەتیف تەپەڵویی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە چەندین ساڵ خەباتی لە ریزەكانی هێزی پێشمەرگە هەیە و كۆماری ئیسلامی ئێران ویستوویەتی بیخاتە ژێر ڕكێفی خۆی بۆ ئەوەی دژ لە گەلی كوردستان بەكاری بهێنێت بەڵام ڕەتیكردووەتەوە ئەو كار بكات و دەڵێ: “سوپای قودسی ئێرانی كە نوێنەریان ناوی حاجی حورمەتییەو پێشووتر كونسوڵی ئێران بووە لە هەولێر و دارویش پورە كە بەرپرسی دژەتیرۆرە و ئێستا لە سلێمانین بە سەدان كەسیان ڕێكخستووە كە ئاژاوەگێڕی بكەن لەناو شارەكانی سلێمانی و چەمچەماڵ و چەند شارێكی دیكەش و بۆ ئەمەش وێنە و بەڵگەی تەواوم هەیە و چاوەڕوان بن هەموویان بڵاودەكەمەوە”.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە ئێستا مۆبایلەكەی داخستووە و شوێنی نادیارە لە ترسی كۆماری ئیسلامی ئێران و بەپێی گوتەی خۆی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بەدوایدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی دەستگیری بكەن.

 

Back to top button