مامۆستایانی ناڕازی: لایەنگرانی بەرھەم ساڵح پەلاماری بارەگاكانیان داوە چەكیان بەدەستەوە بوو

دوای ئەوەی لەماوەی بەڕێوەچوونی بەناوخۆپیشاندان لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوو, لە زۆربەی ئەو شارانەی خۆپیشاندانەكانی تێدا بەڕێوەچوو, توندو تیژی روویدا و خۆپیشاندەران بارەگا میری و حزبیەكانی سوتاند, ئەندامێكی مامۆستایانی ناڕازی رایدەگەیەنێت ئەوانەی پەلاماری بارەگاكانی داوە لایەنگری بەرهەم ساڵح و بزووتنەوەی گۆڕان بوون.
عادل حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی، ڕایگەیاند: “ھێزە ئەمنییەكانی شاری سلێمانی، شاھێدی ئەوەن كە ماوەی ساڵێك زیاترە مامۆستایانی ناڕازی دەیان خۆپیشاندانی فراوانیان ئەنجام داوە، بەبێ ئەوەی ھیچ حاڵەتێكی نەخوازراو ڕوو بدات، چونكە مامۆستایانی ناڕازی باوەڕیان بە خۆپیشاندانی مەدەنی ھەیە، ھیچ كات ھەوڵی پشێوی گرژی و ئاڵۆزی نادەن”.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی، ئەوەشی روون كردەوە، كە مامۆستایانی ناڕازی خوازیاری گرژی و ئاڵۆزی نین، بۆیە ئەوانەی بارەگا حزبی و حكوومییەكانیان سووتاندوە، ”مامۆستایانی ناڕازی نین، چونكە ئەوە ڕەوشتی مامۆستا نییە“.

هاوكات شوانە ئەحمەد، ئەندامێكی مامۆستایانی ناڕازیی كە لە خۆپیشاندانەكاندا بەشداری كردووە، ڕایگەیاند: ”لە خۆپیشاندانەكانی ڕابردوودا، ھیچ كات مامۆستایانی ناڕازی ھەوڵی ئەوەیان نەداوە كە ئاڕاستەی خۆپیشاندانەكە بەشێوەیەكی نەرێنی بگۆڕن، یان خەڵكی ھان بدەن بەرەو سەرای ئازادی بڕۆن، بۆیە مامۆستایانی ناڕازی بێ بەرین لەو گرژی و ئاڵۆزییانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕوویان داوە“.

ئەو مامۆستایە، ئەوەشی خستە ڕوو: “لە خۆپیشاندانەكەی 18/12/2017دا، لیستەكەی شاسوار عەبدولواحید و لیستەكەی بەرھەم ساڵح، خۆیان خزاندووەتە ناو خۆپیشاندانەكانەوە، بۆ ئەوەی بوونی خۆیان بسەلمێنن، چونكە زۆر دەمێكە ھەوڵی ئەوە دەدەن، لەكاتی خۆپیشاندانەكاندا گرژی و ئاڵۆزی دروست بكەن، بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵكی بەلای خۆیاندا ڕابكێشن”.

 

Back to top button