داوایی دەست لە كاركێشانەوەی هەڤاڵ ئەبوبەكر دەكرێت

 

دوای ئەوەی لە سنوری سلێمانی لە ئەنجامی خۆپیشاندان پشێوی و نا ئارامی كەوتەوە كە بە هۆیەوە چەند كەسێك كوژران و بریندار بوون دەیان بارەگای حزبی و حكومی سوتان, بەهۆی دەرئەنجامی خۆپیشاندانەكان پەرلەمانتارێكی بزووتنەوەی گۆڕان ڕای دەگەیەنێت، پارێزگاری سلێمانی، وەك سەرۆكی لێژنەی ئەمنیی پارێزگا، بەرپرسیارە لەوەی كۆنتڕۆڵی ھێزە ئەمنییەكان بكات، ”ئەگەر پێی نەكرا، پێویستە واز لە پۆستەكەی بێنێت“.

مەحمود ڕەزا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایگەیاندووە: “ھێزێكی ئەمنی زۆر لە سنووری سلێمانی بڵاو بوونەتەوە و لەنێو ئەو ھێزە ئەمنییەدا زانیاری ھەیە كە چەكداری عەرەب بوونی ھەیە، بەڵام ئێمە تا ئێستا نازانین، ئاخۆ ئەو چەكدارانەی بەزمانی عەرەبی قسە دەكەن، كێن و لەكوێوە ھاتوون؟”.
ھاوكات پەرلەمانتارەكەی گۆڕان ئەوەشی خستەڕوو: ”ڕاستە ھەڤاڵ ئەبوبەكر، وەك پارێزگاری سلێمانی، سەرۆكی لێژنەی ئەمنیی شارەكەیە، بەڵام ھێزەكانی ناو یەكێتی، گرووپێك دەسەڵاتی بەسەر گرووپێكی دیكەدا نییە، ھەر ھێزێكی ناو یەكێتیی سەر بە بەرپرسێكی دیاری كراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ھێزەكانی یەكێتیی لە پاشا گەردانییەكی سەیردایە“.

ئاماژەی بەوەش دا: ”ئەگەر توندوتیژییەكان بەردەوام بێت، پێویستە بزووتنەوەی گۆڕان، بەفەرمی لە حكوومەتی خۆجێیی سلێمانی بكشێتەوە و ھیچ پۆستێكی حكوومی نەمێنێت، تا ئەوكاتەی ھەڵبژاردن دەكرێت، چونكە ناكرێ گۆڕان لە حكوومەتی خۆجێیی سلێمانی دەسەڵاتی ھەبێت، بەڵام نەتوانێت لەكاتی خۆپیشاندانەكاندا ڕێگری لە توندوتیژیەكان بكات“.
پەرلەمانتارەكەی بزووتنەوەی گۆڕان باسی لەوەش كرد: “ھەڤاڵ ئەبوبەكر، بەرپرسیارە لەوەی كۆنتڕۆڵی ھێزە ئەمنییەكان بكات، ئەگەر پێی نەكرا، پێویستە بەزوویی واز لە پۆستەكەی بێنێت“.
ھەفتەی ڕابردوو لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەكانی ڕاپەڕین و گەرمیان، ژمارەیەك لە ھاووڵاتییان خۆپیشاندانیان ئەنجام دا، بەڵام خۆپیشاندانەكان توندوتیژیی لێكەوتەوە و لە ئەنجامدا ژمارەیەك بارەگای حكوومی و حزبی سووتێندران و ژمارەیەكیش لە خۆپیشاندەران بوونە قوربانی.

Back to top button