ڕێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان هەڵوەشایەوە, تۆمەتباركردنی یەكتری دەستی پێكرد

دوای هەڵوەشانەوەی رێككەوتنی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی ئێستا هەردوو حزبەكە یەكتری تۆمەتبار دەكەن, كە هۆكاری هەڵوەشانەوەی رێككەوتننامەكەبوونە.

ئازاد تۆفیق، ئەندامی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رایگەیاندووە: “بەداخەوە دەبوو گۆڕان بەبێ گەڕانەوە بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە تاك لایەنە بڕیاری ئەوەی نەدایە، چونكە پێشووتر رێككەوتنمان ھەبوو، كە ھەموو بڕیارەكان بەیەكەوە بدەین، نەك ئەوان بەبێ ئاگاداری یەكێتی و بەبێ ھیچ پرسێك، ئەو ڕێككەوتنەیان ھەڵوەشاندەوە”.
ئەو ئەندامەی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی، ئەوەشی خستە روو: “ئەگەر یەكێتی پابەندی رێككەوتن نەبووە؟ ئەوەتا پارێزگاری سلێمانی بە گۆڕان دراوە كە پۆستێكی گرنگە، ئەوەتا لە ئاستی راگەیاندن زۆر موراعاتی گۆڕان كراوە، بەبێ ئەوان بڕیارمان لەسەر پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمان نەدا، لە زۆر بواری دیكەشدا، بەڵام بەداخەوە بۆ ئەوەی گۆڕان كردی”.

لەبەرامبەردا، مەحموود حاجی ساڵح، ھەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان، رایگەیاندووە: “یەكێتی دەبوو پابەندی رێككەوتنەكە بوایە، بۆ ئەوەی بە ھەموو لایەكەوە كوردستانمان لەم قەیرانە ڕزگار بكردبایە، بەڵام بەداخەوە یەكێتی پابەندی ھیچ بڕگە و خاڵێكی رێككەوتنەكە نەبوو، بۆیە گۆڕانیش نایەوێت بچێتە ژێرباری رێككەوتنێكەوە كە تەنیا قسە بێت”.
ئەو ھەڵسووڕاوەی گۆڕان، جەختی لەوەش كردەوە كە یەكێتی بەرانبەر بە بەڵێنەكانیان بە نەوشیروان مستەفا، ”بێ وەفابوون، رێككەوتنەكەشیان پێشێل كرد“.

Back to top button