شاندی پەرلەمانی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات
سكرتێری پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، پەرلەمانی كوردستان بۆ تاووتوێكردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و دەستپێكردنەوەی دانوستاندنەكان، لەم هەفتەیەدا شاندێك بۆ كۆبونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی عیراق و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئامادە دەكات.
بێگەرد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمانی كوردستان لەبارەی ئەو پرسەوە رایگەیاندوە، شاندەكەی پەرلەمانی كوردستان لە لیژنەكانی دارایی، سامانە سروشتییەكان و یاسایی لە پەرلەمان و راوێژكارانی پەرلەمانی كوردستان پێكهاتوە، هەر لەو هەفتەیەدا چاوەڕوانی وەڵامی لایەنە پەیوەندیدارەكانی بەغدا دەكەن، بۆئەوەی پێش بەڕێكەوتنی شاندەكەیان، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و سەرۆكایەتی كۆماری عیراق ئامادەیی دەرببڕن و كاتێك دیاریبكەن بۆ دەستپێكردنی كۆبونەوەكانی هەردولا.
لەبارەی دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم، بێگەرد تاڵەبانی گوتویەتی “رەنگە لەم هەفتەیەدا كۆبونەوەیەك لەنێوان پەرلەمانی كوردستان و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی ئەنجام بدرێت و بەرچاوڕونی لە كۆمسیۆن وەربگرن، دواتر كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان، حكومەت و كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی پێكەوە ئەنجام دەدرێت بۆ دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم”.