ئەیاد سامەڕائی: پێویستە كورد و سوننە هاوپەیمانییەتی پێكبهێنن
ئەمینداری گشتی حزبی ئیسلامی عێراق داوا لە كورد دەكات، دەستپێشخەری بكەن لەگەڵ سوننەكان، بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانییەتیەكی نیشتمانی بۆ گۆڕینی هاوكێشە سیاسییەكان لە عێراق.
لە وتارێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆری كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە (ئەیاد سامەڕائی) ئەمینداری گشتی حزبی ئیسلامی عێراق نوسیویەتی: زانیاریم لایە كە بەشێك لە وڵاتانی جیهانی، ئامۆژگاریی عەبادیان كردووە و داوایان لێكردووە، پەلە بكات لە لێكتێگەیشتن لەگەڵ هەرێم و یەكێك لە وڵاتە سەرەكییەكانی ئەوروپاش هەڕەشەی راگرتنی پاڵپشتی دارایی لە عێراق كردووە، ئەگەر لەگەڵ هەرێمی كوردستان رێك نەكەوێت.
لە نوسینەكەیدا سامەڕائی ئاماژە بەوە دەكات، پێدەچێت حەیدەر عەبادی سیاسەتێكی تایبەت بە پەیوەندییەكان لەگەڵ كورد بەرێوەبەرێت و نەیەوێت هیچ كەسێك دەستوەرداتە كارەكانیەوه.
ئەمینداری گشتی حزبی ئیسلامی عێراق جەختی لەوە كردۆتەوە، نابێت كوردەكان چاوەڕوانی ئەوەبن شاندی سوننەكان بچن بۆ لایان، داوایان لێدەكەم ئەوانیش دەستپێشخەری بكەن، چونكە دەركەوتنی هەڵوێستێكی هاوپەیمانانە لەنێوان سوننە و كورد و دواتر گۆڕینی بۆ هەڵوێستێكی نیشتمانی و پەیوەستكردنی هێزی دیكە پێیەوە، هاوكێشەكان تا ئاستێكی گەورە و دوور دەگۆڕێت.