موزایەدەی سەربەخۆیی
ئهردهلان ههلهبجهیی
لە کۆنگرەی ۱۳ ی پارتی و بە ئامادەبوونی نوێنەری زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا و دەوڵەتانی هەرێمی و سەرۆک وەزیرانی ئەوکات نوری مالیکی،سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە چیتر پارتی دەسبەرداری فیدراڵی بوەو پرسی سەربەخۆیی کوردستانی کردۆتە خواستی هەموو پارتیەکان و بێ پەردەو بە ڕونی بە گوێی هەموانیدا دا،ئەو وتارەو ئەو کۆنگرە جگە لە گرنگیەکەی بۆ حزبێکی وەک پارتی کە پێشەنگی کاروانی خەباتە چ بە مێژوو چ بەدەنگ،ئەکرێت بە بنەما گرتنی پرسی سەربەخۆیی لە وتارەکەی سەرۆکدا بە گرنگترین خاڵی کۆنگرە سەیر بکرێت،ئاخر ئەم وتارە تایبەتمەندی و گرنگیەکەی ئەوە بوو کە دۆست و دژەکانی سەربەخۆیی لەوێ حزوریان هەبوو،وە بارزانیش بە مەبەست و ئامانج لەو کۆنگرەو بە ئامادەیی نوێنەری زۆرینەی وڵاتان ئەو پرسەی لە بەرنامەو کاری پارتی تەئکید کردەوەو ئەوەش خاڵی بەهێزی وتارەکەو کۆنگرەکە بوون،لەو ساتەوە تا هەنوکە بەردەوام میدیاو ناوەندە زانستیە سیاسیەکان بە جدی پرسی سەربەخۆیی کوردستان دەخەنە بەرباس و توێژینەوە،گەرچی پێش بارزانیش کەسانی تر قسەیان لەو پرسە کردووە بەڵام لە واقیعدا هیچ کات وتەی ئەو سیاسیانەی کورد قورساییان نەبوەو گەر لە کاردانەوەی دوای وتارەکەی ئەوکاتی بارزانی بە ئێستاشەوە بڕوانین پرسەکە ئەو کاتە دەبێتە جێی باس و بایەخ کە بارزانی قسە و کاری بۆ دەکات،لەڕاستیشدا ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ قورسایی و راستگۆیی بارزانی،چونکە هەموان دەزانن بارزانی ڕاست دەڵێت و زۆر کار دەکات و کەم بانگەشە. ئەوەی جێگای بەزەییە هەندێک سیاسی و ڕۆژنامەنوسی کورت بینی کوردن کە زۆرجار لێیان دەبیستین کە بارزانی پرسی سەربەخۆیی بۆ موزایەدە بەکاردەهێنێت،ئەم توێژە بێ بیرە کورت بینە کە بەردەوام خاوەن قسەو بێ بەرنامەو کردارن هەمیشە چاوەڕێی جوڵەو وتاری بارزانین تا ڕقی خۆیان خاڵی بکەنەوە،بێ ئەوەی بپرسن موزایەدەو سود لەوەدایە عێراقی بیت نەک کوردستانی! ئێ خۆ ڕونە کاتێک بارزانی دەڵێت سەربەخۆییمان دەوێت چەند وڵاتێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی دژی دەوەستن و گەر نەتوانن ڕاستەوخۆش ئەوە بکەن خۆ گروپ گەلێکی لێ ڕاست دەکەنەوە تا کەمێک ڕایبگرن،لە ڕوی واقیعیشەوە موزایەدەو سود لای ئەو بەرەیە کە دەبنە کلکی تەورو زوڕنا ژەنی بێگانە نەک بەرەی سەربەخۆیی. دواجار ڕونە خۆری ئەم گەلە هەڵدێت و کەشتی ئومێدیش دەگاتە کەناری خۆی،لێ ئەوەی ڕون نیە ئەوەیە ئایائەو توێژە لە نوسەرو سیاسیانەی کورد کە دژە سەربەخۆیین و پێیان وایە بارزانی موزایەدە دەکات،ئەی ئەبێت ئەوان دەهۆڵ کوتی کێ بن و دواتر کە سەربەخۆیی وەدەست هات ڕەگەزنامەی کام جیرانیان لە گیرفانیان دەبێت؟ ئاخر ناکرێت خەیاڵ خۆش بن و دوای ئەم هەموو ڕمڵ لێدانە بیانەوێت ڕەگەزنامەی کوردستانی وەرگرن!!