فوئاد مەعسوم لێدوانی راوێژكارێكی لەبارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەت كردەوە
دوای ئەوەی دوێنێ راوێژكارێكی سەرۆك كۆماری عێراق بە رۆژنامەیەكی عێراقی راگەیاندبوو كە حكومەتی هەرێم نوێنەرایەتی خەلكی كوردستان ناكات, سەرۆك كۆمار لێدوانی ئەو راوێژكارەی رەتكردەوە رایگەیاند:” لێدوانەكە تەنها رای خۆیەتی پەیوەندی بە سەرۆكایەتی كۆمارەوە نیە”.
ئەمڕۆ سێشەممە نووسینگەی فوئاد مەعسوم سەركۆماری عێراق روونكردنەوەیەكی لەبارەی لێدوانێكی عەبدولەتیف رەشید راوێژكاری سەركۆمار بڵاو كردەوە، تیایدا رایگەیاندووە كە لێدوانێكی رەشید بۆ رۆژنامەی “سەباح ئەلجەدید” رای خۆیەتی و پەیوەندی بە هەڵوێستی سەرۆكایەتی كۆمارەوە نییە.
لە بەیاننامەی نووسینگەی سەركۆماردا هاتووە “ئەم لێدوانەی دوێنێ عەبدولەتیف رەشید بۆ رۆژنامەی سەباح ئەلجەدیدی داوە، رای تایبەتی خۆیەتی، هیچ پەیوەندیەكی بە هەڵوێستی فەرمی و رای سەركۆمارەوە نییە”.
سەرۆكایەتی كۆمار دووپاتی كردووەتەوە ئەوان سەرجەم را و هەڵوێستەكانی سەرۆكایەتی كۆمار لە ماڵپەڕی ئەلیكترۆنی سەركۆمار و لێدوانەكانی سەرۆكی كۆمار بۆ دەزگا میدیاكانەوە بڵاودەكرێنەوە.
دوێنێ عەبدولەتیف رەشید كە لەسەر حیسابی هەرێمی كوردستان، راوێژكاری سەركۆماری عێراقە، لە رۆژنامەی “سەباح ئەلجەدید” هێرشی كردبووە سەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان و رایگەیاندبوو كە حكومەتی هەرێم نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستان ناكات، هەروەها گوتبووی سەرۆك مەسعود بارزانی كاروبارەكانی هەرێم بەڕێوە دەبات، ئەمەش نیگەرانی سەركۆماری عێراقی بەدوای خۆیدا هێنا و بە توندی رەتی كردەوە.