کەجەکە ناسنامەی ئەندامانی “میت” ئاشكرا دەكات
هاوسەرۆکانی كۆما جڤاكێن كوردستان (کەجەکە) رایدەگەیەنێت، لەماوەیەکی نزیکدا ناسنامەی ئەو بەرپرسانەی میت ئاشکرا دەکەن کە لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیرکراون.
جەمیل بایك و بەسێ هۆزات هاوسەرۆکانی کۆما جڤاکی کوردستان (کەجەکە) بە میدیاكانی پەكەكەیان رایانگەیاندووە، ساڵی ٢٠١٧ بۆ ئەوان ساڵێکی سەخت و پڕ لەشەڕ بووە و دەشڵێن: “لە ساڵی ٢٠١٨ دەسەڵاتە فاشیزمەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك کۆماری تورکیا هەڵدەوەشێننەوە”.
هاوسەرۆکانی کەجەکە راشیگەیاند: “لە ماوەیەکی نزیکدا ناسنامەی ئەو بەرپرسانەی میت ئاشکرا دەکەین، کە لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیرکراون”.
لە ماوەی رابردوودا مستەفا کاراسو، ئەندامی کەجەکە رایگەیاندبوو کە هێزەکیانیان 20 ئەندامی میتیان دەستگیرکردووە و دوو لەوانیش بەرپرسن.
ئەمە لە كاتێكدایە ئەمساڵ چەند ھاووڵاتیەكی توركیا لەلایەن ھێزەكانی پەكەكە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستگیركران، میدیاكانی پەكەكە رایانگەیاند “ئەو كەسانەی دەستگیركراون ئەندامی دەزگای میتی توركیان”، دوای ئەمەش پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و یەكێتی نیشتمانی كوردستانی زیاتر ئاڵۆزكرد، وەك كاردانەوەیەك حكومەتی توركیا نووسینگەی پەیوەندییەكانی یەكێتی لە ئەنقەرە داخست و بەرپرسی پەیوەندییەكانی یەكێتی لە توركیا ناردەوە ھەرێمی كورستان، بە گوێرەی زانیارییەكان توركیا داوای لە یەكێتی كردووە، بۆ ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانیان دەبێ ھەوڵبدات ئەو كەسانەی لە سلێمانی گیراون لە دەست پەكەكە ئازاد بكات.