دەیان هەزار خانەنشینی نایاسایی لە هەرێمی كوردستان مووچەكانیان دەبڕدرێت

ئەوانەی بە پلەی تایبەت خانەشین كراون و پلەی تایبەتیان نەبووە خانەنشینیان هەڵدەوشێندرێتەوە، ئەوانەشی بەپلەی ناشایستە خانەشین كراون پلەكانیان لێوەردەگیرێتەوە.

(د. محەمەد رێكانی) ئەندامی داواكاری گشتی لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بۆ لابردنی كەسانی ناشایستە لە لیستی خانەشینی یاسای تایبەت دەردەكرێت، “ئەو كۆنوسەی پێشووتر ئێمە وەك داواكاریی گشتی هەمان بوو سەبارەت بە خانەشینانی نایاسایی و ناشایستە دەچێتە چوارچێوەی یاساكە”.

هەروەها (د . محەمەد ڕێكانی ) ڕاشیگەیاند :” بەپێی رەشنوسی یاساكە كە بەم نزیكانە لە پەرلەمانی كوردستان دەردەچێت، زۆر بابەت یەكلایی دەكاتەوە، ئەوەی كە گرنگە ئەوەیەـ هەركەسێك بە پلەی وەزیر و راوێژكار و بەڕێوەبەری گشتی خانەنشین كراوە و ئەو پلەشی پێشووتر نەدیبێت، ئەوە هەمووی هەڵدەوشێنەوە، ئەوانەشی بە پلەی بەرزتر خانەشین كراون بۆ نمونە بەڕێوەبەری گشتی بووە و بە وەزیر خانەشین كراوە، ئەو پلانەیان لێوەردەگیرێتەوە”.

هەروەها دەشڵێت: “ئەوانەی شۆڕشگێڕ بوون و خەباتیان هەیە بەپێی یاسایی رێزلێنانی پێشمەرگە مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت و خانەشینی مەدەنیان نامێنێت بە تایبەت پلەی تایبەت، هەیە نە خزمەتی پێشمەرگایەتی هەیە و نە خەباتی كردووە ئەوانە هەمووی هەڵدەوشێنەوە و لادەبرێن”

د.محەمەد ڕیكانی ئاشكراشیكرد، ئەوانەشی دوو مووچەی خانەنشینی یان مووچەیەكی مەدەنیان هەیە هەڵدەوەشێندرێنەوە و تەنها دەبێت یەك مووچەی شایستە و یاساییان هەبێت، “بە دەیان هەزار كەس بە ناوی خانەنشینی مووچەیان هەیە و ناشایستەن، هەروەها بە دەیان هەزار كەس لە وەزیفەی گشتی چەندین پلەیان بە ناشایستە پێدراوە ئەوانەش پێداچوونەوە بە دۆسیەكانیان دەكرێت”.

شایەنی ئاماژە پێدانە ،500 كەس لەوانە 44 وەزیر و 60 بریكاری وەزیر و 260 بەڕێوەبەری گشتی و 75 راوێژكار بە پلەی تایبەت خانەنشینكراون و لەو پلەیش نەبوون، پێش پاشەكەوتی مووچە مانگانە ملیارێك و 250 ملیۆن دیناریان بۆخەرج دەكرا.

Back to top button