رۆژنامه‌ی حه‌یات: فشاری ناوخۆ و ده‌ره‌كی بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق هه‌ن

رۆژنامه‌ی حه‌یات-ی چاپی له‌نده‌ن بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق روبه‌ڕوی فشاری ناوخۆ و ده‌ره‌كی بوه‌ته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی مانگی ئایاری 2018 دوابخات.

رۆژنامه‌كه‌ له‌سه‌ر چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی عیراق بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هێزه‌ سیاسییه‌ گه‌وره‌كانی وه‌ك ئیئتلافی ده‌وڵه‌تی قانون و هاوپه‌یمانیی هێزه‌ سوننه‌كان هه‌ریه‌كه‌ و به‌ هۆكارێك پشتیوانی له‌ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عیراق ده‌كه‌ن.

به‌شێكی زۆری حزبه‌ سوننه‌كان واده‌كه‌ به‌ نه‌گونجاو بۆ هه‌ڵبژاردن ده‌زانن، چونكه‌ شاره‌ سونییه‌كان هێشتا به‌ده‌ست وێرانه‌ و ئاواره‌ییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن و پێویستی به‌كاتی زیاتر تا دێنه‌وه‌ سه‌ر خۆیان.

سه‌ره‌ڕای نیگه‌رانیی سوننه‌كان، به‌ڵام لایه‌نێكی دیكه‌ی سوننه‌ی وه‌ك خه‌میس خه‌نجه‌ر پشتیوانی له‌ هه‌ڵبژاردن له‌ واده‌ی خۆیدا ده‌كات، چونكه‌ خه‌نجه‌ر به‌ پرۆژه‌ په‌روه‌رده‌یی و ته‌ندروستییه‌كانی جه‌ماوه‌رێكی زۆری له‌ناو ئاواره‌ سوننه‌كان به‌خۆی كۆكردووه‌ته‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا ئه‌وانه‌ی جه‌ماوه‌ریان له‌ده‌ستداوه‌ ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا سه‌رنه‌كه‌ون.

سه‌باره‌ت به‌ هێزه‌ شیعه‌كان، هه‌ندێكیان پێیان وایه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی كه‌ له‌لایه‌ن موقته‌دا سه‌در و عه‌ممار حه‌كیمه‌وه‌ پشتیوانیی لێده‌كرێت، سوره‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا، چونكه‌ ده‌یه‌وێت سه‌ركه‌وتنه‌ سه‌ربازییه‌كانی به‌سه‌ر داعش بكاته‌ كه‌ره‌سته‌ی هه‌ڵبژاردن، له‌به‌رامبه‌ریشدا هه‌ندێك قه‌واره‌ی دیكه‌ی وه‌ك ده‌وڵه‌تی قانون و ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی خوازیاری ئه‌وه‌ن كاتی زیاتریان هه‌بێت و هه‌ڵبژاردن نه‌كرێت.

رۆژنامه‌ی حه‌یات له‌زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی سیاسیی عیراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ كه‌ ئێران له‌و فشارانه‌دا به‌شداره‌ كه‌ بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن له‌ئارادایه‌ و وێنای ئێستای شیعه‌كانی عیراق له‌به‌رچاویان روون نییه‌، به‌تایبه‌ت له‌ هه‌بونی ئه‌و پشتیوانییه‌ی كه‌ ئه‌مریكا و وڵاتانی عه‌ره‌ب له‌ عه‌بادیی ده‌كه‌ن بۆ گرتنه‌ده‌ستی ولایه‌تی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تیی وه‌زیران.
رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێت وێڕای ئه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا و توركیا پشتیوانی له‌ دواخستنی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌ڵوێستی نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ بۆ عیراق (یۆنامی) كه‌ رۆڵی له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراقدا هه‌یه‌، هێشتا یه‌كلایی نه‌بووه‌ته‌وه‌.

به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌ سیاسییه‌كانی رۆژنامه‌ی حه‌یات، كۆبونه‌وه‌كه‌ی فوئاد مه‌سعوم، سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌گه‌ڵ هه‌ر سێ جێگره‌كه‌ی كه‌ له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا سازیكرد و عه‌بادی تیایدا به‌شداریی نه‌كرد، ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ داواكاری بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن له‌ ئارادایه‌.

Back to top button