هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر: تكایه‌ك له‌ خه‌ڵكی كه‌ركووك ده‌كات

پارێزگاری سلێمانی له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی عێراقدا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی دا تكایه‌ك ئاراسته‌ی خه‌ڵكی كه‌ركووك ده‌كات، ده‌لێـ”داوایان لێدەکات ناوی خۆیان لە بایۆمەتری دەنگدەران تۆماربکەن. داواش لە خەڵکی کەرکووک و دەوروبەری دەکات بە ئەجێندایەکی نیشتمانی بەشداری پرۆسەکە بکەن، بۆئەوەی هەتاهەتا لەدەستنەچن و بە دەنگ کوردستانیبوونی ئەو ناوچانە بسەلمێنن، هه‌روه‌ها له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ده‌شلێـ”ئەو هاونیشتمانیانەی تاوەکو ئێستا ناوی خۆیان لە تۆماری بایۆمەتری تۆماری دەنگدەران تۆمارنەکردووە، داوایان لێدەکەم ناوی خۆیان تۆماربکەن، بۆئەوەی ژمارە و ئاماری راستەقینە لەبەردەستبێت، ساختەکاری نەکرێت و یاری بە چارەنووسی دەنگەکانی ئەوان نەکرێت”.

هه‌ر له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی راشی گه‌یاند”بۆ کورد ئەو هەڵبژاردنانە چارەنووسسازن، چ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بێت، چ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بێت، بەتایبەتی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و قەوارە سیاسییەکان لەسەر بنەمایەکی دەستووری دوور لە ئینتقائییەت بڕیاری ئەوەیان داوە مانەوەیان لەگەڵ حکومەتی عێراق لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراق بێت لەسەر بنەمایەکی دەستووری، بۆ ئێمە هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازە، بەتایبەتی بۆ ئەو ناوچانەی کوردستان کە لەدەرەوەی هەرێمی کوردستانن، کە بەداخەوە ئێمە بەهۆی رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە لەڕووی سەربازی و ئابوورییەوە لەدەستمان داون، بەڵام لەڕووی دەستووری و دیموگرافی و کۆمەڵایەتییەوە لەدەستمان نەداون، گوتیشی: “بۆئەوەی ئێمە  نەبینە مایەی ئەوەی ئەو ناوچانە بۆ هەتاهەتایی لەڕووی دەستووری و دیموگرافی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە لەدەست بدەین، داوا لە هەموو لایەک دەکەم بە بەرنامەیەکی نیشتمانی قەوارە کوردستانییەکان بەشداری بکەن، بە ئەجێندایەکی نیشتمانی و ستراتیجێکی نیشتمانی، بە تێڕوانینیان بۆ ئاسایشێکی نیشتمانیانەی کوردستانیانە بەشداری بکەن، بۆ ئەوەی بەڕاستی بەشدار نەبن لەو بارودۆخانەی 16ی ئۆکتۆبەر و دوای 16 ئۆکتۆبەر، هەروەها بتوانین بەشێوەیەکی دەستووری و یاسایی و دوور لە بەریەککەوتنی سەربازی و دوور لە هەر ئینتقائییەتێک کوردستانییەتی راستەقینەی ئەوانە بە ئیرادەی دەنگەکانی دەنگدەرانمان بسەلمێنین”.

پارێزگاری سلێمانی هیواخوازبوو لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا هەموو لایەنەکان بەشێوەیەکی ئارام ئەو پرۆسەیە بەڕێوەببەن و دووربێت لە تۆمەت و ناوزڕاندنی یەکدی، ئەوەندی خەمی سەرخستنی پرۆسەکەیان بێت بایی ئەوەندە خەمی کاندیدەکانیان نەبێت، کە دواجار دەبێت ئەو کاندیدانەی دەچنە نێو ئەو پەیڕەو تازەیەوە بتوانن داکۆکیکاری راستەقینە بن لەکۆی داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان، هەروەها بەپێویستی زانی “یەکماڵی کورد رێکخەینەوە و یەکیخەینەوە، بەجۆرێک وای لێبکەین وەکو ئاڵاکەمان و قوربانییەکانمان بێت، وەکو ئەو گیانەی پێشمەرگەکانمان پێی دەجەنگن، وەکو ئەو گیانەی شەهیدەکانمان قوربانیان پێداوە، وەکو ئەو چارەنووسە هاوبەشەی چاوەڕوانی هەموومان دەکات، بۆئەوەی بەیەکەوە بتوانین پرۆسەیەکی سەرکەوتووانە و تەکامولیانە لە شکڵی گشتیدا پێکبێنین”.

Back to top button