شاندێكی یەكێتی دەچێتە بەغدا, دەڵێت لە كەركووك غەدرمان لێدەكرێت
رۆژی 16ی ئۆكۆتۆبەر سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی بەهاوكاری گرووپی خیانەتكاری یەكێتی كەركووكیان داگیركرد كە بەهۆیەوە هەزاران كورد شاربەدەركرد, دوای رووداوە كە بۆ جاری یەكەم شاندێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات و لەگەڵ بەرپرسانی لایەنە عێراقییەكان كۆدەبێتەوە. سەرۆكی لیستی برایەتیش لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ڕەخنە لەو سەردانە دەگرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 27/12/2017، شاندێكی یەكێتی كە لە ڕزگار عەلی، خالید شوانی، ئەحمەد عەسكەری و ئەڵماس فازڵ، پێكدێن، سەردانی بەغدای پایتەختی عێراق دەكەن. لەمبارەیەوە ئارێز عەبدوڵا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند: “شاندەكە حزبییە و بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا ناڕوات، واتە لە بری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا ناكات”.
ئەوەشی ڕوون كردەوە: “ئەو شاندە لەسەر بابەتی ماڵوێرانیی خەڵكی كەركووك و خورماتوو دەچێت و ھەوڵەكانی خۆی دەخاتە گەڕ، چونكە ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ حزبە عێراقییەكان و لایەنە عێراقییەكان ھەیە”.
هەروەها محەمەد كەمال، سەرۆكی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ڕایگەیاند: “ڕۆشتنی شاند باشە، بەڵام دەبوو ئەو شاندەی كەركووك لە ھەموو لایەنەكان پێكھاتبایە، نەك تەنیا لە لایەنێكی دیاریكراو بێت، بۆیە پێم وانییە بتوانرێ بەو رادەیە ڕێزیان لێبگیرێت و داواكانییان جێبەجێ بكرێت، چونكە ئەو شاندە بەو جۆرە باش نییە و ڕەنگ و سەنگی نابێت، لەگەڵ ئەوەشدا تەنیا لایەنێك ناتوانێت نوێنەرایەتیی لایەنەكانی كەركووك بكات”.
محەمەد كەمال، ئەوەشی خستە روو كە ئەگەر ئەو شاندە بیانەوێت لەسەر پۆستی پارێزگار قسە لەگەڵ بەغدا بكەن، ئەوا ”ئەو بابەتە تەنیا بە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك یەكلا دەكرێـتەوە و پێویستی بە عەبادی و خەڵكی دیكە نییە“.
ڕۆژی ١٦ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەكی دیكە، بەڕێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی خیانەتكار، پەلاماری كەركووك و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی كوردیان شەھید و بریندار كرد و نزیكەی ٢٠٠ ھەزار كەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
ڕۆژی ١٨ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، كۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سكترتێری گشتی یەكێتی لە پەیامێكدا ڕای گەیاند: “ئۆباڵی كارەساتەكانی كەركووك و خورماتوو لە ئەستۆی كاڵفامەكانی ناو یەكێتی دایە”.
ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەكانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ڕاشكاوی ڕای گەیاند: ”هۆكاری 16ی ئۆكتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵكوو خیانەتی گرووپێكی نێو یەكێتی بوو“. باسیشی لەوە كرد كە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەكێتی وەك خیانەتكار سزا دەدا.