مامۆستایەكی ئاینی: خۆپیشاندانەكانی سلێمانی حەرامە

 

بەڕێوەبەری ئەوقافی دهۆك خۆپیشاندانەكانی سلێمانی بە “حەرام” ناودەبات و رایدەگەیەنێت “من لەگەڵ خۆپیشاندانی سلێمانییدا نیم، نە بە ئیجابی و نە بە سلبی، چونكە تەنیا ئاژاوەگێڕییە”، دەشڵێت “سووتاندنی بارەگای حزبی و ماڵی دەوڵەت حەرامە”.

“جیهاد بێسفكی” بەڕێوەبەری ئەوقافی دهۆك بە ژمارەی ئەمڕۆ چوار شەممە 27ی 12ی 2017 ڕایگەیاند:“هەموو مامۆستایان و وتارخوێنەكانی سنووری دهۆكم ئاگاداركردووەتەوە كە لە وتاری هەینیدا باسی خۆپیشاندانەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی بكەن و بە حەرام ناوی ببەن”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشكردووە “لە ئاینی ئیسلامدا هەر ئاژاوەیەك یان هاندانێك ببێتە هۆكاری كوشتنی كەسێك حەرامە و رێپێنەدراوە و سووتاندنی بارەگای حزبی و ماڵی دەوڵەتیش حەرامە”.

بەڕێوەبەری ئەوقافی دهۆك ئەوەشی خستووەتەڕوو “من لەگەڵ خۆپیشاندانی سلێمانیدا نیم، نە بە ئیجابی و نە بە سلبی، چونكە تەنیا ئاژاوەگێڕییە و ئاینی ئیسلامیش رێگەی پێ نەداوە كە خۆپیشاندان ببێتە هۆی گیانلەدەستدانی كەسێك، ئاینی ئیسلام رێگە بە خۆپیشاندانی هاوشێوەی سلێمانی نادات”.

Back to top button