دوای گەشتە دبلۆماسیەكەی بارزانی یەكەم پەیامی بڵاو كردەوە
خواكوڕك
مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوای گەشتە دبلۆماسیەكەی یەكەم پەیامی لە 10ـی 9ـی 2016 بڵاو كردەوە لەو پەیامەدا باسی یادی 55-مین ساڵەی شۆرەشی ئەیلۆل دەكات و دەلێت ئەمڕۆ پەنجا و پێنج ساڵ بەسەر هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوول، گەورەترین شۆڕشی گەلی كوردستان لەدژی زوڵم و چەوساندنەوەدا تێدەپەڕێ. شۆڕشی ئەیلوول شۆڕشێكی سەرتاسەری گەلی كوردستان بوو و ئەو بڕوابەخۆبوونەی لە ناخی هەموو تاكێكی كوردستانی دروست كرد كە دەبێ لەبەرانبەر داگیركاری و ناهەقیدا بوەستێتەوە. بۆ یەكەمجار لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان لەو شۆڕشەدا بوو كە هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە بەشداری خەباتی نەتەوایەتی و دیموكراسیخوازی گەلەكەیان بوون و هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستانیش شانبەشانی كورد لەژێر سەركردایەتێكی هاوبەش لەدژی ستەم و داگیركاری خەباتیان كرد. شۆڕشی ئەیلوول لە ناوچەیەكی دیاریكراودا نەمایەوە و بنەماكانی شۆڕش و عەدالەت و كوردایەتیی بە هەموو شوێنەكانی كوردستان گەیاند. هەروەها ڕۆڵی حزبی شیوعیی عێراقی و هێز و كەسایەتییە دیموكراتخوازەكانی عێراقی لەو شۆڕشەدا بەرچاو بووە.
هەروەها سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامەكەی دا دەشلێت لە كاتێكدا یادی ئەو شۆڕشە مەزنە دەكەینەوە كە بە خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و بە گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەكانمان هەنگاوی زۆر مەزن هاوێشتراوە و لەسەر ئاستی جیهانیدا دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان دۆست و پاڵپشتی گەورەی هەیە. گەلی كوردستان ئەوەی بە جیهانیان سەلماند كە پارێزەری بەهای ئاشتی و پێكەوەژیان و ئازادییە. ئەو بەهایانەی جێگەی شانازیی تاك تاكی خەڵكی كوردستانن. ئەو دەستكەوتانەیش لەو بنەما و بەها و خەباتە سەرچاوە دەگرێ كە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی لەسەر بنیات نرا.
لەو یادە مەزنەدا سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی شەڕی دژی تیرۆریستان و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی گەلەكەمان دەنێرین. پێزانینم هەیە بۆ ههموو ئهو تێكۆشهرانهی كه بهشداربوون له شۆڕشی ئهیلوول و مێژوویان بۆ گەلی كوردستان دورست كرد. دەستخۆشی لە پێشمەرگە قارەمانەكانمان دەكەم كە شانازیین بۆ گەلەكەمان و هەموو جیهان.