یونامی: نیگەرانین لەبارودۆخی خورماتوو

تیمى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاوكارى عێراق (یۆنامى)، كه‌ دوو جار سه‌ردانى خورماتوویان كردووه‌ و پشتیان به‌وێنه‌كانى مانگى ده‌ستكرد به‌ستووه‌، زیانه‌كانى هێرشى میلیشیا توركمانه‌ شیعه‌كان بۆ سه‌ر كورد له‌ شارى خورماتوو، ڕاده‌گه‌یه‌نێت.

به‌پێی ڕاگه‌یاندراوێك، كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست (خواکوڕک) كه‌وتووه‌، تیمى نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاوكاری عێراق (یۆنامى) چه‌ند سه‌ردانێكى شارى خورماتوویان كرد بۆ ده‌ستنیشانكردنى خانوو و دوكانى ئه‌و خێزانه‌ كوردانه‌ى، كه‌ له‌دواى ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر ته‌قێنراونه‌ته‌وه‌ یان سووتێنراون و تاڵان كراون.

له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌، كه‌ له‌دواى ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌، یۆنامى به‌به‌رده‌وامى سكاڵاى له‌سه‌ر پێشێلكارى مافى مرۆڤی له‌و شاره‌، پێده‌گه‌شت، به‌تایبه‌ت له‌باره‌ى زیانى گیانى و توندوتیژیی جه‌سته‌یی، ده‌شڵێن: “تائێستاش لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌رده‌وامن”.

هه‌روه‌ها، هاتووه‌: “چه‌ندین سكاڵامان له‌سه‌ر تێكدانى موڵك و ماڵ له‌ ڕۆژانى 16 و 17ى ئۆكتۆبه‌ر، پێگه‌یشت، ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌رچاوه‌كان و شایه‌تحاڵه‌كان باسیان له‌وه‌ ده‌كرد، كه‌ هاووڵاتیان و گروپه‌ چه‌كداره‌ توركمانه‌كان، ئه‌و كارانه‌یان كردووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ترساندنى دانیشتووانه‌كه‌ى، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ زۆرێكیان ماڵی خۆیان جێهێشتووه‌، به‌ڵام تائێستا ناسنامه‌ى ئه‌نجامده‌رانى دیار نییه‌”.

وه‌ك له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا، ئاماژه‌ى پێدراوه‌،: “یۆنامى له‌لایه‌ن ئاواره‌كانى خورماتووه‌وه‌ كه‌ ئێستا له‌ سنوورى سلێمانى و هه‌ولێر و كه‌ركووك  نیشته‌جێن، هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و ڕاپۆرته‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كان و نوێنه‌رانى كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى و سیاسییه‌كان، ڕاپۆرتى پێگه‌یشتووه‌، زۆرێك له‌ ئاواره‌كان هۆكاره‌كان بۆ ناكۆكیی نێوان كورد و توركامنى شیعه‌، ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌”.

ئه‌وه‌ش ئاشكرا كراوه‌، كه‌ تا 14ى كانوونى یه‌كه‌م، به‌پێی ژماره‌ و داتاكانى ڕێكخراوى نێوده‌وڵه‌تى كۆچبه‌ران، هه‌زار و 440 خێزانى خورماتوو ئاواره‌بوون، كه‌ كۆى ئه‌ندامانى ئه‌و خێزانانه‌ هه‌شت هه‌زار و 694 كه‌سن، له‌و ژماره‌یه‌ش 444 خێزان بۆ خورماتوو گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

یه‌كێك له‌ ئاواره‌كان به‌ (یۆنامى) ڕاگه‌یاندووه‌: “من له‌ ژیانی خێزانه‌كه‌م ده‌ترسم، نامانه‌وێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ تا ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێن، تا ئه‌وكاته‌ى هێزى تایبه‌تى سوپای عێراق له‌ ده‌ره‌وه‌ى خورماتوو بۆ شاره‌كه‌ ده‌هێنن  و گه‌ڕه‌كه‌كان ده‌پارێزن”.

له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا جه‌خت كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ تیمه‌كانى (یۆنامى) له‌ 7 و 14ى كانووانى یه‌كه‌م، سه‌ردانى گه‌ڕه‌كه‌كانى (عه‌سكه‌رى، ئیمام ئه‌حمه‌د، جه‌میله‌ و كۆماری) كردووه‌ و له‌ سه‌ردانى یه‌كه‌مدا بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌، له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانى عه‌سكه‌رى و ئیمام ئه‌حمه‌د كه‌ توركامنیشیان تێدایه‌، خانوویه‌ك به‌هۆى بۆردوومانى هاوه‌نه‌وه‌ داڕووخاوه‌.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یان بۆ ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌ زیانێكى زۆر به‌ر باره‌گاى یه‌كێتى  نیشتمانیی كوردستان له‌ خورماتوو و یه‌كێك له‌ پێشانگاكانى فرۆشتنى ئۆتۆمبێل، كه‌وتووه‌.

به‌پێی ڕاپۆرته‌كه‌، (یۆنامى) له‌لایه‌ن مانگى ده‌ستكرده‌وه‌ وێنه‌ى گه‌ڕه‌كه‌ كوردییه‌كانى ده‌ستكه‌وتووه‌ و ده‌ركه‌وتووه‌، لانى كه‌م 29 خانوو له‌ گه‌ڕه‌كى كۆمارى و 11 خانووى تر له‌ جه‌میله‌، به‌ته‌واوه‌تى رووخێنراون. هه‌روه‌ها ده‌ركه‌وتووه‌ نزیكه‌ى 100 دوكان له‌كۆمارى سووتێنراون. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ سووتاندنى 30 خانووی تر و ته‌قاندنه‌وه‌ى 5 خانوو له‌ جه‌میله‌ و یه‌ك خانووش له‌ كۆماری.

به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى ده‌رگاى ماڵه‌كان داخراون، بۆیه‌ ناتوانن دڵنیاببنه‌وه‌ له‌وه‌ى كه‌ره‌سته‌ى نێو ئه‌و خانووانه‌ دزراون، به‌دووریشى نازانن كه‌ زۆرێك له‌ خانووه‌كان ڕووبه‌ڕووى دزین و تاڵانكردن بوونه‌ته‌وه‌، چونكه‌ سكاڵایه‌كی زۆریان پێگه‌یشتووه‌.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شیان ده‌ستنیشان كردووه‌، كه‌ له‌سه‌ر دیوارى زۆرێك له‌خانووه‌كان نووسراوه‌: “خانووى توركمانه‌”، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ دزین و ڕووخاندن بپارێزرێت.

یۆنامى نیگه‌رانى خۆى بۆ بارودۆخى شاره‌كه‌ و دانیشتووانه‌كه‌ نیشان ده‌دات، داواش له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراق ده‌كات، هه‌موو ڕێكاره‌كان بۆ پاراستنى دانیشتووانه‌كه‌ى بگرنه‌به‌ر.

له‌دواى هێرشه‌كه‌ى 16ى ئۆكتۆبه‌ر بۆ سه‌ر كه‌ركووك و خورماتوو، كه‌ میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى به‌هاوكارى باڵێكى نێو یه‌كێتى توانییان ئه‌و ناوچانه‌ داگیر بكه‌ن، دانیشتووانه‌ كورده‌كه‌ى خورماتوو ئاواره‌بوون و له‌لایه‌ن توركمانى شیعه‌شه‌وه‌، دواى دزینی كه‌ره‌سته‌كانیان، زۆرێك له‌ خانووه‌كان ته‌قێنرانه‌وه‌ یان سووتێنران.

Back to top button