نێچیرڤان بارزانی: له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كانی مالیكی و مه‌رجه‌كانی گۆڕان و ته‌عریبی كه‌ركووك بزانه‌ چی ده‌لێت

ئه‌مرۆ پێنج شه‌ممه‌ 28ی 12ی 2017، نێچیرڤان بارزانی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هه‌فتانه‌ی دا رایگه‌یاند” پێشوازی لە دانوستاندنێکی جددی دەکەین لەگەڵ بەغدا و لەو سۆنگەیەوە بەڕێزەوە دەڕوانینە هەڵوێستەکانی جێگری سەرۆککۆماری عێراق. گوتیشی”یەکگرتوو هەمیشە بە بەرپرسیارەتییەوە لەگەڵ پرسەکان هەڵسوکەوتی کردووە و ئەمڕۆ لەگەڵیان کۆدەبینەوە و گفتوگۆدەکەین”.

هه‌روه‌ها له‌ باره‌ی دانووستاندنه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا نێچیرڤان بارزانی گوتیشی”پێشوازی لە دانوستاندنێکی جددی دەکەین لەگەڵ بەغدا ، بۆ ئەوەی بگەینە چارەسەر دەبێت دانوستاندنێکی جددی بکەین لەگەڵ بەغدا ، لەو سۆنگەیەوە بەڕێزەوە دەڕوانینە هەڵوێستەکانی بەڕێز نووری مالیکی جێگری سەرۆککۆماری عێراق، بە ئاماژەدان بەوەی ، بەداخەوە لێداونەکانی عەبادی لەبارەی نەوت و گاز وردنەبوونە و دروست نین ، گوتی: “بە داتا وەڵامی لێداونەکانی عەبادی لەبارەی نەوت و گاز دەدەینەوە”.

سەبارەت بە درێژکردنەوەی راگرتنی گەشتی نێودەوڵەتی لە فڕۆکەخانەکانی کوردستانەوە ، نێچیرڤان بارزانی گوتی: “داخستنی فڕۆکەخانەکان وەکو کارتێكی گوشار بەکاردەهێندرێت ، جێ داخە حکومەتێک بە داخستنی فڕۆکەخانەکان سزای هاووڵاتیانی خۆی بدات، له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانیش گوتی”لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ، هەڵسەنگاندنمان بۆ دۆخی خۆمان کرد لە کوردستان و ئەو کێشانەی هەیە لەنێوان هەولێر و بەغدا ، ئەوەی ئێمە دەیبینین دوو ئاڕاستە هەیە یەکەمیان هەندێک ئیجابیات دەبینین لە بەغدا وەک دەستپێشخەری جەنابی سەرۆککۆمار بۆ ئەو نامەیەی ناردوویەتی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەنێوان هەولێر و بەغدا کە ئێمە پێشوازیمان لێکردووە و بە رەسمیش وەڵاممان داوەتەوە ، هەروەها ئەو قسانەی کە جێگری سەرۆککۆماری عێراق جەنابی مالیکی کردوویەتی و هەروەها دوای ئەو ئەیاد عەللاوی ، ئێمە هەموو ئەمانە بە ئەرێنی دەبینین و وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکەینەوە کە دەمانەوێت کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەچوارچێوەی دەستووری عێراق چارەسەربکرێن. لەگەڵ ئەوەشدا لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی جەنابی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەندێک بابەت ورووژێندرا بەتایبەت لەبارەی نەوت و داهاتی نەوت کە من ئەمڕۆ لیژنەی نەوت و گازی حکومەتی هەرێمی کوردستانم راسپاردووە هەموو ئەو قسانەی جەنابیان باسیان کردووە کە بەداخەوە دووربووە لە زانیاریی پێویست ئەمڕۆ هەمووی بە ژمارە وەڵام دەدەینەوە”.

له‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانی له‌باره‌ی مووچه‌ دوو وه‌زاره‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌لایان عه‌بادیه‌وه‌، گوتی” هەروەک ئاگادارن لیژنەیەک دروستکراوە لە بەغدا بۆ پێداچوونەوە بە میلاکاتی پەروەردە و وەزارەتی تەندروستی بە حساب بۆ ئەوەی مووچەیان پێبدەن ، ئێمە ئەمە بە هەنگاوێکی باش دەبینین و هیچ لارییەکمان نییە لەسەر ئەوە ئەگەر بەپێی سیستەمی بایۆمەتری بێت ، ئێمە ئامادەین ئەم داتایانە بدەینە بەغدا و ئەگەر ئەوان ئامادەبن مووچە دابین بکەن ئێمە پێمان باشە، گوتیشی”لیژنەیەکی دیکەیان داناوە بۆ پرسی دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان کە بەداخەوە پێش ئەوەی ئەم لیژنەیە دەست بە قسەی خۆی بکات ، دوومانگ داخستنی فڕۆکەخانەکانیان درێژکردووەتەوە کە من دەمەوێت بڵێم بەداخەوە سەرۆکوەزیران پرسی داخستنی فڕۆکەخانەکان وەک کارتێکی فشار بەکاردەهێنێت لەسەر هەرێم و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان. ئەوە کاریگەریی هەیە لەسەر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و ئەو هەموو ئاوارە و پەنابەرانەی لە هەرێمی کوردستان هەن. تەنانەت کاری کردووەتە سەر ئەو خەڵکەی کە لەڕووی مرۆییەوە پێویستیان بە چوونەدەرەوە هەیە بۆ چارەسەری پزیشکی. کە ئەمە زۆر زۆر جێی داخە حکومەتێک بیەوێت بەو شێوەیە سزای هاووڵاتیانی خۆی بدات ، ئێمە ئەمە سزایەک دەبینین لەسەر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کە وەک هەر هاووڵاتییەک لە جیهان مافی خۆیانە سەفەر بکەن و بتوانن هاتووچۆ بکەن. ئەمە سزایەکە لەسەر گەلی کوردستان و هەموو ئەو هاووڵاتییە عێراقیانە و ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان ، چونکە زۆر کاردەکاتە سەر یارمەتی مرۆییش”.

لەبارەی پرسی چاکسازییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی له‌ كۆنفراسه‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا گوتی: “لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران هەندێ هەنگاوی چاکسازیش کە پێویست بووە کردوومانە و بۆ پەرلەمان نێردراوە ، جەختدەکەینەوە کە ئێمە جددین لەوەی ئەو چاکسازییانە ئەنجام بدەین و وەک حکومەت پابەندین بە جێبەجێکردنیان دوای ئەوەی بڕیارەکە لە پەرلەمان دەردەچێت”.

له‌ وه‌ڵامی پرسیاری ئایا سەبارەت بە دانوستاندن لەگەڵ بەغدا هیچ پێشهاتێکی نوێ هەیە؟ نێچیرڤان بارزانی گوتی: لەڕاستیدا تاوەکو ئێستا بە رەسمی هیچ شتێک بە ئێمە نەگەیشتووە کە ئێمە دانوستاندن دەستپێدەکەین یان نا ، بەڵام خواستی دەستپێکردنی دانوستاندن بۆ چارەسەری کێشەکان لای ئێمە هەیە و دەشمانەوێت دەستپێبکەین بەغدا ئامادە بێت ئێمە ئامادەین.

له‌باره‌ی پرسیارێكی تر سه‌باره‌ی به‌  نووری مالیکی جێگری سەرۆککۆماری عێراق ، داوای هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ دەکات لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەڵوێستی ئێوە لەوبارەوە چییە؟ له‌وه‌ڵامدا نێچیرڤان بارزانی گوتی: ئەوەی کە بەڕێز مالیکی ، جێگری سەرۆککۆمار باسیکردووە ئێمە خوشحاڵین و پێشوازیی لەو قسانە دەکەین و پێشوازیی لە دانوستاندنێکی جددی دەکەین لەگەڵ بەغدا ، چونکە لێرەدا پرسیارەکە ئەوەی کە ئێمە سەقامگیریمان دەوێت لەم وڵاتە یان نا؟ ئەگەر هەموو لایەکمان ئەو سەقامگیرییەمان دەوێت پێویستی بە دانوستاندنێکی جددی هەیە لەگەڵ بەغدا. لەو چوارچێوەیەدا قسەکانی جەنابی جێگری سەرۆککۆمار جێگەی رێزە و ئێمە پێمانوایە رێگەی راست ئەوەیە و ئەو قسانە بە ئاڕاستەیەکی دروست و گونجاو دەزانین بۆ چارەسەریی ئەو کێشانەی لە نێوان ئێمە و بەغدا هەیە.

سه‌باره‌ی به‌ پرسیاری، یەکگرتووی ئیسلامی چەند مەرجێکی داوەتە حکومەت بۆ ئەوەی تاوەکو 15-1 جێبەجێ بکرێت و ئەوەی بەستووەتەوە بە مانەوەی لە حکومەت ، هەڵوێستی ئێوە چییە؟له‌ وه‌ڵامدا نێچیرڤان بارزانی گوتیشی” ئێمە ئەمڕۆ کۆبوونەوەمان هەیە لەگەڵ شاندی یەکگرتووی ئیسلامی ، یەکگرتووی ئیسلامی لەڕاستیدا هەمیشە بە بەرپرسیاریەتییەوە جووڵاوەتەوە لەبەرامبەر ئەو کێشانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە. لەسەر ئەو شتانەی داوایانکردووە ئێمە ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵدا دەکەین ، حکومەت زۆر بە جددی هەوڵدەدات ، چونکە ئەوشتانەی داوایانکردووە ئێمە پێمانوایە لە چوارچێوەی خێر و قازانجی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانە و بەدڵنیاییەوە ئەوەی ئێمە پێمانبکرێت جێبەجێیان دەکەین و بە رەسمیش ئەمڕۆ لەگەڵیان دادەنیشین بۆ ئەوەی قسە لەسەر ئەو بابەتانە بکرێت کە ئەوان داوایانکردووە ، بەدڵنیاییەوە ئێمە پێشوازی دەکەین لەو داواکارییانە و جدی دەبێت لەو شتانەی کە بتوانێت جێبەجێیان بکات.

سه‌باره‌ت به‌ پرسیاری سنووری دوبز و سەرگەڕان و گوندی پەڵکانە ، تەعریب خەریکە دەستپێدەکاتەوە لەژێر ناوی گەڕانەوەی ئاوارەکان ، وەڵامتان بۆ ئەمانە چی دەبێت؟نێچیرڤان بارزانی له‌وه‌ڵامدا گوتی” نیگەرانین لەو هەوڵەی ئێستا دەدرێت ، لەڕاستیدا تەعریب دەستیپێکردووەتەوە ، ئێمە قەت ئەوە لە مەسڵەحەتی عێراق و هەرێمی کوردستان نازانین ئێمە پێمانوایە دەستپێکردنی گەڕانەوەی تەعریبکردنی ناوچەکە بەوشێوەیە ئێستا لەو سنوورەدا ناسەقامگیریی زیاتر دروستدەکات ، نائەمنی دروستدەکات  و هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات. ئێمە داوا دەکەین ئەوە رابگیرێت و داوا لە حکومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین کە دەستێوەردان بکەن ، پێمانوایە بە گەڕانەوەی بەمشێوەیە و تەعریبکردنەوەی ناوچەکە ، ئێمە شاهیدی ئەوە دەبین کە جارێکی دیکە زنجیرەیەکی دیکەی ناسەقامگیریی لەو سنوورە دەستپێدەکات و کێشەکان بە دڵنیاییەوە بەو شێوەیە چارەسەر نابن. بەهێچ شێوەیەک نابێت ئەوە بکرێت و لەئەنجامیشدا لە ناسەقامگیریی زیاتر هیچی لێ نایەتە دی.

Back to top button