داعش به‌ هێزێكی زۆره‌وه‌، ده‌گه‌رێته‌وه‌ عێراق و سوریا

راپۆرت:شاو کوردی

رووسیا بە فەرمیی ئەمەریکای تۆمەتبار کرد کە لە ئێستادا لە هەردوو بنکەی تەنف و شەدادی سووریادا داعشی لەژێر ناوێکی دیکەدا مەشق داوەتەوە. رووسیا نیگەرانیشە کە ئەمەریکا زیاتر لە ١٠٠٠٠ هەزار چەکداری لە ئەفغانستان داناون و ترسی هەیە کە ئەمانەیش بە ناوێکی دیکە دەرکەونەوە.

داعش، کورتکراوەی دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و شام، لە ئێستادا لە سووریا و عێراق خەوێندراون. زانیارییە سەربازییەکان دەڵێن، ئەوان کە هاتنە عێراق زیاتر لە ٢٠ملیار دۆلار زیانی سەربازییان لە عێراق دا و لە سووریایشدا پارێزگارییان لە مانەوەی (بەشار ئەسەد) کرد.
رووسیا و عێراق و سووریا دەڵێن، داعش کۆتایی هات و ئاهەنگی سەرکەوتنیان گێڕا، بەڵام ئەمەریکا دەڵێ، داعش وەک شانەی نوستوو خۆی حەشار داوە و ئەگەری بەدەرکەوتنەوەی لە زۆر شوێندا هەیە.
ئێستا رووسیا قسەیەکی جیاواز لەبارەی داعش دەکات، ئەوان ناڵێن کێ داعشی دروست کرد، بەڵام دەڵێن لە ئێستادا ئەمەریکا چەکدارانی پێشووی داعش لە بنکەکانیدا مەشق دەدات و لەژێر ناوێکی دیکەدا رێکیان دەخاتەوە.

رۆژنامەی ‘نیویۆرک پۆست’ لە بابەتێکی هەستیاریدا دەڵێ، سەرۆکئەرکانی سوپای رووسیا بە فەرمی ئەمەریکای تۆمەتبار کرد کە لە سووریادا چەکدارانی داعش مەشق دەدات.
ژەنەڕاڵ (ڤەلەری گێراسیمۆڤ) سەرۆکئەرکانی سوپای رووسیا دەڵێ، ئەمەریکا لە بنکەی ستراتیژیی سەربازیی تەنف لە سووریادا کە دەکەوێتە سەر سنووری عێراق، ئەمەریکا داعش مەشق دەداتەوە.
ئەگەرچی ئاماژەی بە ژمارەی ئەو چەکدارانە نەکردووە کە لەو بنکەیەدا مەشق دراون، بەڵام بەگوێرەی خەمڵاندنی هەواڵگریی رووسیا، ژمارەیەکی یەکجار زۆرن.
رووسیا وایدەبینی، کە ئەمەریکا بە شێوەیەکی نایاسایی بنکەی تەنفی دروست کردووە و پێشووتریش بە شوێنێکی رەش دادەنرا کە چەکداران بەبێ هیچ سانسۆرێک دەپەڕینەوە ئەو شوێنە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ‘فۆکس نیوز’ سەرۆکی ئەمەریکا رەزامەندیی داوە کە لە ساڵی ٢٠١٨ زیاتر لە ٣٠ هەزار چەکدار لە سووریادا مەشق بدرێن و لە ئێستایشدا ٢٥ هەزار چەکدار لە لایەن ئەمەریکا مەشق دراون.
رووسیا ترسی لەو ژمارەیە هەیە کە ئەمەریکا بە ناوی هێزەکانی سووریاوە مەشقی داون کە گومانی هەیە بەشێکی زۆر لەو ژمارەیە چەکداری پێشووی داعش بن و تێکەڵ بە هێزەکانی سووریای کردبێتن.

ئەمەریکا لە بەرانبەر تۆمەتی رووسیا دەستوەستان نییە و ئەوان دەڵێن، بنکەی تەنف بۆ مەشقپێدانی هێزە چەکدارەکانە کە رووبەڕووی داعش دەبنەوە و، ئەو بنکەیە ئەمەریکا بە شێوه‌ی کاتی لەوێ درووستی کردووە و ئەو قسانەیشی ڕەت کردەوە کە رووسیا لەبارەی مەشقپێدانی ئەمەریکا بە داعش دەیکات.

بەڵام سەرۆکئەرکانی سووپای رووسیا دەڵێ، ئەمەریکا لەو بنکەیەدا داعش مشق دەدات و ناوی ناون سوپای نوێی سووریا و، هەروەها بە چەند ناوێکی دیکەوە دەیانناسێنێ.
سەرۆکئەرکانی رووسیا لەسەر قسەکانی مکوڕە و دەڵێ، لەو بنکەیەدا رووسیا بە رێگەی مانگی دەستکرد و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، چاودێریی جموجۆڵه‌كانی ئەمەریکایان کردووە.
ئەمەریکا لە ئێستادا ٧ بنکەی سەربازی لە سووریادا هەیە، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵگرییەکانی رووسیا، ئەمەریکا دەیەوێ دۆخی سووریا بە ناسەقامگیری بهێڵێتەوە و جەنگێکی دیکەیشی لێ بەرپا بکات.
سەرۆکئەرکانی رووسیا ناوی بنکەیەکی دیکە دێنێ کە ئەمەریکا لە سووریادا داعشی لێ مەشق دادات ئەویش بنکەی شەدادییە کە دەکەوێتە نزیک دێرزوور. ئەو دەڵێ، ئەمەریکا هێزێکی زۆری لە بنکەی شەدادی کۆ کردووەتەوە و ژماریەک لەوانەیش داعشە مەشقدراوەکانن.
رووسیا ئامانجی ئەمەریکا لەو کارە ئاشکرا دەکات کە ئەمەریکا بۆچی لە سووریا جارێکی دیکە چەکدارانی داعش مەشق دەدات و، بەگوێرەی زانیارییەکانی ‘فۆکس نیوز’ کە ئەو پێگەیش بایەخی بەو راپۆرتەدا داوە و قسەکانی سەرۆکئەرکانی رووسیای لەبارەی مەشقدانی داعش لە سووریادا داناوە، رووسیا مەبەستکە وا دەبینی کە ئەمەریکا نەخشەی شەڕێکی دیکەی بۆ سووریا کێشاوە.

ژەنەڕاڵ (ڤەلەری گێراسیمۆڤ) هۆشداری دەداتە ئەمەریکا کە رووسیا چاوی لەسەریانە، بۆ دروستکردنی هەردۆخێکی نالەبار لە سووریادا، رووسیا لە بنکەی هێزی ئاسمانی و ئاوییه‌وه‌ چاودێریی دەکات.
رووسیا نیگەرانییەکی دیکەیشی بەهۆی ئەمەریکا بۆ زیاد بووە، هەروەک بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی ناوین لە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا درکاندوویەتی، زیاتر لە ١٠٠٠٠ هەزار لەو چەکدارانەی داعش کە لە سووریا و عێراق بوونە، ئێستا چوونەتە ئەفغانستان. رووسیا ئەمەیش بە کاری ئەمەریکا دەبینێ کە جارێکی دیکە ئەمانەیش لەژێر ناوێکی دیکەدا بەرەو سووریا و عێراق بگەڕێنەوە.

 

Back to top button