ئەمەریكا: رووبەڕووی هەڕەشەكانی ئێران دەبینەوە

لەگەڵ ئەوەی چەندین جار ئەمریكا هەڕەشەی لە ئێران كردووە, ئەمڕۆ بۆ جارێكی دیكە رێكس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، رێككەوتنی ناووكی وڵاتانی 5+ یەك و ئێرانی بە شەرمەزاری وەسف كرد و رایگەیاند، چیدیكە ئەو رێككەوتنە نابێتە خاڵی وەرچەرخانی سیاسەتی واشنتن بەرامبەر بە تاران و رووبەڕووی هەڕەشەكانی ئێرانیش دەبینەوە.
تیلەرسن، لە وتارێكی كە لە رۆژنامەی “نیویۆرك تایمز” بڵاوكراوەتەوە، جەخت لەوە دەكاتەوە، واشنتن سیاسەتی نوێی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەوڵە فراوانخوازییەكان و پشتیوانیكردنی تیرۆریستان و رۆڵی تێكدەرانەكەی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێكردووە.
تیلەرسن دەڵێت: “بەشێك لەو ستراتیژیەتە خۆی لە دووبارە پێكهێنانەوەی هاوپەیمانێتیدا دەبینێتەوە لەگەڵ هاوبەشەكانمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست”.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئاماژە بە جموجۆڵەكانی واشنتن لەگەڵ هاوپەیمانە عەرەبەكانی دەكات و دەڵێت: “لە تشرینی دووەم/ نۆڤەمبەری رابردوو، هاوكار بووین بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی پەیوەندییەكان لە نێوان سعوودیە و عێراق”.
تیلەرسن دەشڵێت: “لەگەڵ كۆنگرێس و هاوپەیمانانمان بەردەوام دەبین لە كاركردن لەسەر چارەسەركردنی خەوشەكانی رێككەوتننامەی ناووكی، هەوڵی بەردەوامیش دەدەین بۆ سزادانی ئێران بەهۆی پێشێلكردنی پابەندییەكانی لە بارەی تاقیكردنەوە مووشەكە بالیستییەكان و نانەوەی پشێوی و ناسەقامگیری لە ناوچەكە”.
ئەو لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە كاتێكدایە، كە 24 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا، ئێرانییان تۆمەتبار كردووە بەوەی نەك تەنها رۆحی رێككەوتنی ناووكی پێشێل كردووە، بەڵكو 8 ماددەی رێككەوتنەكەی پشتگوێخستووە و كاری پێناكات، ئەوەش لە ناوەڕۆكی نامەیەكدا دراوەتە دەست رێكس تیلەرسن، وەزیری دەرەوە، جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگری و مایك پۆمپیۆ، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریكا (سی ئای ئەی).
سەرچاوە: العربیە