ئەمساڵ ٣٤٩ ئێزدی ڕزگار كراون
نووسینگەی ڕفێنراوانی كوردانی ئێزدی لە پارێزگای دهۆك ئاماری ئەمساڵ (2017)ی ڕاگەیاند و گوتی، ئەمساڵ ٣٤٩ كەس ڕزگار كراوان.
ئەمڕۆ پێنچشەممە (٢٨-١٢-٢٠١٧) لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا نووسینگەی ڕفێنراوانی كوردانی ئێزدی لە پارێزگای دهۆك ئاماری ئەمساڵ (٢٠١٧)ی ڕاگەیاند، ئامارەكان بەم شیوە بوون:
- سەرجەمی ڕفێنراوان : ٦٤١٧ كەس.
– ژمارەی ڕزگاربووان: ٣٢٤٤ كەس.
– ژمارەی ئافرەتان ١١٤٦ كەس ڕزگار كراون.
– ژمارەی پیاوان : ٣٣٥ كەس ڕزگار كراون.
– ژمارەی منداڵانی ڕەگەزی نێر: ٨٤٣ كەس.
– ژمارەی منداڵانی ڕەگەزی مێ: ٩٢٠ كەس.
– ژمارەی ڕزگاربوانی ساڵی ٢٠١٧ سەرجەمیان ٣٤٩ كەس بوون.
– ژمارەی ڕزگاربووانی سالی ٢٠١٧، ئافرەتان ١٠٢ كەس.
– ژمارەی ڕزگاربووانی ساڵی ٢٠١٧، پیاوان ٩ كەس.
– ژمارەی ڕزگاربووانی سالی ٢٠١٧، منداڵان ٢٣٨ كەس.
– ئەوانەی ماوان لە دەستی داعشدا ٣١٧٣ كەس.
– ژمارەی ڕزگارنەكراوانی ڕەگەزی مێ: ١٤٨٢ كەس.
– ژمارەی ڕزگارنەكراوانی ڕەگەزی نێر: كەس.١٦٩١
لە بەشیكی دیكەی كۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیدا، (حسێن قائیدی) گوتی: ”تەنیا سەرۆكی حكوومەت، (نیچیرڤان بارزانی) پشتگیری ئەم پرۆژەیەی كردووە و بەردەوامیشە لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە بۆ ڕزگاركردنی ئەو ڕفێنراوانەی كە ماون لە دەست چەكدارانی داعشدا.”
(قائیدی) گوتی: ”بەداخەوە ژمارەیەكی زۆر ئەو ڕفێنراوانەی ئێزدی لە دەست چەكدارانی داعش بوون لە شاری مووسل و حەویجە و ناوچەكانی ترن، بەڵام حكوومەتی عێراق هیچ پلانێكیان نەبوو بۆ ڕزگاركردنی ئەو ڕفێنراوانە لە كاتی ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی ئەو شارانەدا و تا ئێستاش بە هیچ شێوەیەك گۆیی لەم مەلەفە نییە و پشتگۆیی خستووە.”
(قائیدی) گوتیشی: ”پرۆژەكەمان نەك تەنیا ڕزگاركردنە، بەڵكو لە دوای ڕزگاركردنیش ئێمە بەردەوامین لە چارەسەركردنی ئەم ڕفێنراوانە و نووسینگەیەكی تایبەتیشمان كردووەتەوە بۆ چارەسەركردن و ڕەوانەكردنیان بۆ ئەوروپا، بەڵام حكوومەتی عێراقی لە داخستنی فرۆكەخانەكان كارتێكردنێكی زۆری كردووەتە سەر چارەسەركردنیان و ئەمەش غەدرێكە لەم ڕزگاربووانە، چونكە ئەمانە پێویستیان بە چارەسەرە.”
لە (٣-٨-٢٠١٤)دا داعش دەستی بەسەر شنگالدا گرت و كۆمەڵكوژی بەسەر كوردانی ئێزدیدا هێنا و هەر لەسەر ئەو مەبەستەش سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نووسینگەیەكی لە پارێزگای دهۆك كردەوە بۆ ڕزگاركردن و چارەسەركردنیان .