ڕاگەیاندراوێك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر

 

بەداخەوە دوێنی چوارشەممە (٢٧/12/2017)، گرژی لە نێوان باوكی قوتابییەك و مامۆستایەك لە قوتابخانەیەكی سەر بە پارێزگای هەولێر ڕووی دا و لە ئەنجامدا مامۆستایەك بریندار بوو. سەرەڕای نیگەرانیمان لە ڕووداوێكی لەم چەشنە و هەڵكوتانە سەر مامۆستایانمان، بەخێرایی لە لایەن پەروەردەی دەشتی هەولێرەوە لێژنەیەك پێكهێنراوە و داواش لە پۆلیس كراوە كە لە وردەكاری ڕووداوەكە بكۆڵێتەوە تا لە ڕووی یاساییەوە مافی مامۆستا و حەرمی قوتابخانە پارێزراو بێت.
هەڵبەت ڕووداوێكی وەها بۆ هەر كەس و لایەنێك ڕووبدات جێگەی داخە، بەڵام بە هۆی گەورەیی وەزارەتی پەروەردە لە ڕووی ژمارەی قوتابی و مامۆستا و فەرمانبەرەوە كە خزمەتگوزاری پێشكەش بە دوو ملیۆن كەس دەكات، شتێكی لەم چەشنە و بە درێژایی ساڵێك كارەساتێكی هێندە گەورە نییە میدیاییەك زیاد لە قەبارەی خۆی گەورەتری بكاتەوە و ڕیپۆرتەكە هەڕەمەكییانە و لەبەر هەڵپەی دروستكردنی ڕاپۆرتێك بیری بچێت لایەنی یەكەمی ڕووداوەكە بدوێنێت و قسەی مامۆستایەكی دیكە بكاتە تەوەری سەرەكی كە میانجیگەر بووە.
داوا لە دەزگا میدیایی و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن دەكەین، لەم دۆخە ناهەموارەی كوردستان و قورسی باری گوزەرانی مامۆستایان، بە چاوێكی كراوەوە كار بكەن و ئاگاداری شكۆی مامۆستا و قوتابخانەكانمان بن و بە دوای پرسی گەورەتر بگەڕێن كە ئێستا زۆر و زەوەندن.

 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر
٢٨/١٢/٢٠١٧

Back to top button