کامە بژاردە هەڵبژێرین ؟
نیاز حاجی
ئایا حەشدی شەعبی دووجار خراپترمان لە بەعس بەسەردا ناهێنن !
حەشدی شەعبی دوو جار دوژمنی کوردە ، جارێک بەهۆی ئەوەی نەتەوەمان جیاوازە و جارێکیش بەهۆی ئەوەی ئاینزا( مذهب)مان جیاوازە ….
ئەوانەی ئێستا دژی سەربەخۆیین ، هەر جارەی بیانویەک دەهێننەوە ، جارێک دەڵێن ئێستا کاتی نیە و یان دەڵێن زەمینەی ناوخۆیی لەبار نیە ، جارێک دەڵێن میللەت برسیە نان نیە بیخوات ، یان دەڵێن دەوڵەتێکمان ناوێت نەتوانێ موچەی فەرمانبەرانی دابین بکات …… هتد
تەواوی ئەو بابەتانەی سەرەوە بیانوون ، بۆ پاشگەزبونەوە لە خواستی سەربەخۆیی دەهێنرێنەوە .
هەرچەندە من گلەیی زۆرم لە شێوازی ئیدارەدانی حکومەت هەیە ، گەندەڵی هەیە ، ناعەدالەتی هەیە ، قەناعەتم بە شەفاف بوونی دۆسیەی نەوت نیە ، تەواوی حزبەکان پشکی ئەو کەموکوڕی و ناعەدالەتی و گەندەڵیەیان بەر دەکەوێت ، ئەو حزب و ڕاگەیاندنەی فرمێسکی تیمساحانە دەرێژێت زۆرترین پشکی گەندەڵی بەردەکەوێت …..
گریمان بەگوێی ئەو حزب و لایەنانەمان کرد ، دەستبەرداری داخوازی سەربەخۆیی بوین ، چی رودەدات ؟
ئەی ناگەڕێینەوە باوەشی بەغدا ؟
ئەی نابینەوە هاوڵاتی نەک تەنها پلە دوو بەڵکو پلە سێ و زیاتریش ؟
دەبینین ئێستا ، حەشدی شەعبی رۆژ دوای رۆژ بەهێزتر دەبێت ، ئەگەر هەیە ئەگەر رێگریان لێ نەکرێت لە ساڵی ۲٠۱۸ دەسەڵاتی عێراقیان دەکەوێتە ئەستۆ ، ئەوکات ئێمەی کورد چارەنوسمان چی دەبێ ؟
نە چیرۆکە و نە مێژوشە ، رۆژانە بە چاوی خومان دەبینین کە حەشدی شەعبی چ تاوانێک دەرهەق بە پێکهاتەی سوننە ئەنجام دەدات ، تاوانەکانی ئەوان ئەگەر لە تاوانەکانی داعش زیاتر نەبن کەمتر نین ، دەبینین چۆن ناوچە سونەنشینەکان چۆن خاپور دەکەن و دەیسوتێنن و پاکتاوی دەکەن ، دەبینین چۆن ئاوارەیان دەکەن و رێگا نادەن بگەرێنەوە بۆ ناوچەکانیان ، لە کاتێکدا ئەوان تەنها ئاینزا( مذهب)یان جیاوازە و یەک نەتەوەن ، ئەی لەگەڵ ئێمەی کورد دەبێ چۆن بن ئەگەر دەستیان بڕوات ؟!
هەر ئەوان داعشیان بۆ ناردین ، ئابلوقەیان خستە سەرمان و بودجەیان بڕین ، ئەوان رێگربوون لەوەی دۆستانی کورد چەک و تەقەمەنیشمان بۆ بنێرن تا دژی داعش بەرگری پێ لە خۆمان بکەین !
گوتمان بیانویان بۆ برینی بودجە ئەوە بوو کە ئێمە نەوت دەفرۆشین هەرچەندە پێشتریش رێگر بوون و یاسای نەوت و گازیان پەسەند نەکرد کە مادەیەکی دەستوری بوو ، بەڵام ئەوان لە ساڵی ۲٠٠٤ەوە بودجە و موچەی پێشمەرگەیان نەدەنارد ، ئامادە نەبوون پێشمەرگە پڕ چەک بکەن ، دوای ساڵێک لە پەسەندکردنی دەستور مادەی ۱٤٠یان جێبەجێ نەکرد کەدەبوایە بکرێت .
ئێستا ئێمەی کورد، لەبەردەم دوو بژاردە داین ::
یەکەم :: دەستبارداربوون لە سەربەخۆیی و گەڕانەوەی رەها بۆ باوەشی بەغدا .
دووەم :: تەواوکردنی هەنگاوەکانی سەربەخۆیی
هەڵبژاردنی بژاردەی یەکەم ::
ئەگەر بەگوێی هەندێک حزب بکەین و بژاردەی یەکەم هەڵبژێرێن ، چ دڵنیاییەک هەیە حکومەتی بەغدا و حەشدی شەعبی لە ئایندەدا لە پێکهاتەی عەرەبی سوننە خراپترمان بەسەردا نەهێنن ، ئەی ئەوهەموو خوێن و قوربانی و ئەنفال و کیمیاباران و خاپورکردنی هەزاران گوند و شارۆچکە لە رابردوو لە بەر چی بوو ، چی وەڵامی نەوەی ئایندە بدەینەوە !
ئەگەر بیانوو ئەوەبێ کە ئێمە یەکڕیز نین بۆیە کاتی سەربەخۆیی نیە ، ئایا بە گەڕانەوەمان بۆ باوەشی بەغدا ئەو یەکڕیزیەمان بۆ دروست دەبێت یان خراپتر
دەبێ ؟
ئەگەر بیانوو ئەوەیە کە کاتەکە گونجاو نیە ، ئەی دەبێ کەی کات گونجاو بێ ، ئایا ئایندە کاتی گونجاوتر لەوەی ئێستا دوبارە دەکاتەوە ؟
ئەگەر بیانوو ئەوەیە کە ئێمە یەکریز نین ، بۆ پێتان وایە هیچ کاتێک کورد یەکریز بووە تا ئێستا یەکڕیز بێ ؟
لە مێژوی کورددا هیچ کات هەبووە کە تیایدا کورد یەکرێز بوبێ ؟
ئاخر ئێمە کە لەشاخیش بوین یەکرێز نەبوین خۆمان شەری خۆمان دەکرد !
ئەگەر بیانوو ئەوەیە کە لە بەر ئەوەی گەندەڵی هەیە بۆیە کاتی سەربەخۆیی نیە ، ئاخر هۆکاری بونی گەندەڵی و نەتوانینی بنبڕ کردنی ، هۆکارەکەی بۆ نەبونی دەوڵەت دەگەڕێتەوە ، ئەگەر خاوەنی دەوڵەتی خۆمان بین ، گەندەڵکاران ناتوانن وا بێ باک دزی لە سامانی میللەت بکەن ، لە بونی دەوڵەتدا گەندەڵکاران زیانمەندی یەکەمن هەر ئەوانیشن دژی راگەیاندن و دروست بوونی دەوڵەتن چونکە ئەوان بەم دۆخەی ئێستا بواری گەندەڵی کردنیان بەردەوامی دەبێت ، ئەوان بەم دۆخە بەردەوامن لە راوکردنی ماسی لە ئاوی لێڵدا .
هەڵبژاردنی بژاردەی دووەم ::
دیسانەوە لێرە دوبارەی دەکەمەوە کە هەندێک وەک بنێشتەخۆشە بەردەوام ئەو بیرۆکەیە بڵاودەکەنەوە و دەڵێن (( دەوڵەتم بۆ چیە کاتێک پارە لە گیرفانماندا نەبێت یان موچە نیە و نان نیە بیخۆین ))….
هەرچەندە من ئەوە بە کەموکوریەکی گەورەی حکومەتی هەرێم دەزانم ، بەڵێ راستە کەمتەرخەم و بەرنامەی گونجاوی نیە بۆ چارەسەر کردنی ئەو کەم کوڕی و قەیرانانە ، بەڵام ناکرێ بەهۆی ئەو دۆخە خراپەی داراییەوە دەستبەرداری خواستی سەربەخۆیی بین ، سەربەخۆ بوون ئەگەر بۆ خۆشمان سودی لێ نەبینین پەیوەستە بە نەوەی ئایندە ، ئێمە کاتێک هەوڵ بۆ سەبەخۆیی دەدەین بۆ ئەوەیە کە نەوەی ئایندە خۆشبەخت بێت ، ئەگەر باب و باپیرانمان ئەوەیان بکردبا ئێستا ئێمەش لەو دۆخەی ئێستادا نەبوین .
ئێستا کورد لە روی پەیوەندیەکانیدا لەگەڵ جیهانی دەرەوە هەنگاوی باشی بریوە ، زۆربەی ناوچە دابراوەکان لە ژێر دەسەڵاتیدایە ، هێزی پێشمەرگە لەسەنگەرکاندایە و متمانەی جیهانی بەدەست هێناوە ، نەوت لە ژێر دەستی خۆماندایە و تورکیا دەروازەیەکی باشە ، حکومەتی عێراق لاوازە ، سونە کێشەی زۆرە ، ئەگەر ئەمرۆ هەوڵ بۆ سەربەخۆیی نەدرێ مەحاڵە جارێکی تر کورد دەرفەتی وای بۆ برەخسێتەوە ، ئەگەر بیانوو ئەوەبێ کە کورد یەکگرتوو نیە ، ئەوا لە دێر زەمانەوە هیچ کات کورد یەکگرتوو نەبووە و هیچ کاتێکیش نابینین کە یەکگرتوو بین ، بۆیە نابێ ئەوە بکرێ بە بیانوو بۆ پاشگەزبونەوە لە خواستی سەربەخۆیی .