با عادل موڕاد بیری نەچێت

زانكۆ ئه‌حمه‌د
 
دوای ونبون و بێدەنگی بۆ چەند مانگێک تەمەنای کامڵ بوون و پێگەیشتنیمان دەکرد،لێ دیسانەوە ئەو سیاسیە کاڵفامەی هەمیشە لە سەنگەری نەیاران وەک بۆق لە میلەتەکەی ئەواقێت،بە بیری بچوکی خۆی دەیەوێت پاساو بۆ سەردانەکەی بۆ لای سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق نوری مالیکی بێنێتەوە کە پێشنیاری بڕینی موچەی بەگوێیدا دابوو،نەک هەرئەوە تەنانەت بە ڕووی قایمەوە دەڵێت (قەناعەتم بە بەڕێز مالیکی کرد کە ۷۰۰ ملیۆن دۆلار موجەی فەرمان بەرانی هەرێم بدات بێ هیچ تەنازولێک).
کاک عادل هەر بەوەوە نەوەستاوەو خۆی کردۆتە فریادڕەسی گەلی کوردو باسی چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەوکاتی هەولێر بەغداد دەکات لە لایەن خۆیەوە،ئیتر پێی وایە هاونیشتمانی کورد قەرزاری ئەو سەردانە نەعرەتیەن و ناپرسن ئەرێ کاک عادل کام بودجەت بۆ هەرێم گێڕایەوەو دەرئەنجامی گفتوگۆ دۆستانەکەت کام گرفتەی چارەسەر کرد جگە لە خستنەڕووی پێشنیارەکانت بە مالیکی بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان؟
لە بەشێکی تری وتارەکەیدا بەو هەموو شورییەوە کەوتۆتە توانج لە سەرکردایەتی پارتی و پێی وایە بوختانی بۆ کراوە،تەنانەت ئەوەنە بیری کۆڵەوارە پێویستی بە بیرهێنانەوەیە کە شێخ جەعفەر ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبەکەی خۆی بوو لە میدیاکانەوە ڕاستی سەردان و پێشنیارەکەی کاک عادلی بۆ بڕینی موچە خستە ڕوو نەک پارتی.
سەیرتر لەوە چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانی ڕۆژنامەنوسێکی لەگەڵ مالیکی دۆستی لێ بووە بە بۆچونی فەڕمی پارتی،ئەو کاڵفامیەی کاک عادل کە ڕۆژنامەنوسێکی لێ بووە بە مەکتەب سیاسی حزبێک هەر لە خۆی دەوەشێتەوە،تەنانەت دەیەوێت وا نیشان بدات پارتی لە هەوڵی نزیک بونەوەیە لە مالیکی،لە کاتێکدا ئەوەی موجامەلەی پارتی کردووە مالیکیەو هەمووشمان دەزانین سروشتی پارتی پێچەوانەی سروشتی هەموو کاک عادلەکانی ناو یەکێتیەو لە بری سەردانەواندن بۆ ڕکابەرانی هەمیشە سەری پێ دانەواندوون و کاک عادلیش گەر بیری باش بێت پێش هەرکەس ئەو ڕاستیە دەزانێت! گەرنا،ئەوا با جارێکی تر دیداری دۆستەکەی بە وردی گوێ لێ بگرێتەوە!
دواجار نوکتەی ناو وتارەکەی کاک عادل لەوەدایە باز بەسەر خیانەتی ۱٦ ئۆکتۆبەری هاوڕێ و هاوشانە کاڵفامەکانی دەدات و تێکڕای گرفتەکان دەبەستێتەوە بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم،ئەوەش دیسان بۆ موجامەلەی دۆستەکانی و ڕەوایی دانە بە کارە وەحشیگەرەکانی حەشد دژی کوردانی کەرکوک و خورماتوو،بۆ پاساودانە بە سوکایەتیکردن بە تەرمی پێشمەرگە شەهیدەکانی خورماتو،ڕەوایی دانە بە داگرتن و سوتاندنی ئاڵای کوردستان و تەعریب کردنی کەرکوک،گەر نا دەبوو کاک عادل بیری نەچوایە خیانەت هۆکاری نەهامەتیەکانە نەک ڕیفراندۆم ،گەر بیریشی چوە با گوێ له جێگری سکرتێری حزبەکەی یان بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەب سیاسیەکەی خۆی بگرێت و ئیتر لە بری بیرهێنانەوەی خەڵک،بیری خۆی بهێنێتەوە و جیاوازی لە نێوان خیانەت و داوا ڕەواکانی گەل بکات..
Back to top button