سوننەكانی خورماتوو: ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەستكەوتێكی گەورە بوو
دوای ئەوەی حەشدی شەعبی چەند ناوچەیەكی كوردستان و عەرەبە سونە نشینەكانی داگیركرد, بە هەزاران هاوڵاتی كورد و سونە ئاوارەی شارەكانی دیكەی هەرێمی كردستان بوون، نوێنەری هۆزەكانی عەرەبی سوننە لە خورماتوو جەختی كردەوە، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی رێگە نادەن بگەڕێینەوە ناوچەكانمان.
شێخ سائر بەیاتی نوێنەری هۆزەكانی عەرەبی سوننە لە خورماتوو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەشكرد، تائێستا چارەنووسی 350 هاووڵاتی سوننە بەنادیاری ماوەتەوە، كە لەلایەن حەشدی شەعبیەوە رفێندراون و گوتی “میلیشیاكانی حەشدی شەعبی سەر بە ئێران رێگری لە گەڕانەوەمان بۆ ناوچەكانمان لە سنووری خورماتوو دەكەن”، هەروەها جەختی كردەوە “دوای رووداوەكانی 16ی ئوكتۆبەر ئێمە ناچاری ئاوارەیی بووین، بەهۆی پێشلێكاریەكانی حەشدی شەعبی، ئێستا زیاتر لە 80 هەزار خێزانی عەرەبی سوننە لە ئاوارەییدا دەگوزەرێنن”. جەختیشی كردەوە “لەئێستادا ناوچەكەمان كە بە دەشتی بەیات ناسراوە لەلایەن ئێرانەوە بەڕوە دەبرێت”.
بەیاتی گوتی: “ئێمە وەك هۆزەكانی عەرەبی سوننە لە خورماتوو، سوپاسی كورد و هێزەكانی پێشمەرگە دەكەین، چونكە ئەوان ئێمەیان لە دوژمنەكانمان رزگاركردووه، كە ئەوانیش داعش و حەشدی شەعبی بوون، ئەگەر كورد و پێشمەرگە نەبوونایه، ناوچەكەمان و سەروەت و موڵكمان لەسەر دەستی ئەو دوژمنانە دەروخێندران و، دەبوونە پەناگەی تیرۆریستان”.
لەبارەی حاڵەتەكانی رفاندنیش لەلایەن حەشدی شەعبیەوە لە ناوچەكانیان، شێخ بەیاتی دەڵێت: “هێشتا حاڵەتەكانی رفاندنی هاووڵاتیان لەلایەن گروپەكانی سەر بە میلیشیاكانی حەشدی شەعبیەوە بەردەوامن، ئەوان هاووڵاتییە سوننیەكان دەڕفێنن چ عەرەب بێت یاخۆد توركمان، لەو كاتەوەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هاتوونەتە ناوچەكەمان تا ئێستا، 950 كەسیان رفاندووە، لەو ژمارەیەش توانیومانە 600 كەس بە بڕی 3 ملیار دینار رزگار بكەین، بەڵام تائێستا چارەنووسی 350 كەسی دیكە بەنادیاری ماوەتەوە و، نەمانتوانیوە رزگاریان بكەین، هیچیش لەبارەیانەوە نازانین ئاخۆ لەژیان ماون یانیش نا”.
تایبەت بە دۆخی ئەمنی ناوچەكەش لەژێر سایەی بوونی حەشدی شەعبی، نوێنەری هۆزەكانی عەرەبی سوننە لە خورماتوو رایگەیاند “دوای هێرشەكەی حەشدی شەعبی، ناوچەكە بە دۆخێكی ئەمنی زۆر خەراپدا گوزەر دەكات و، بەنەرێنی بەسەر خەڵكی ئەو ناوچەیەدا شكاوەتەوە و ناچار پەنایان بۆ ئاوارەیی بردووە، ئەوانەی كە گەڕاونەتەوەش، لە ترسی حەشدی شەعبی ناوێرن هیچ شتێك بكەن و رۆژ بەڕۆژ مەترسی لەسەر ژیانیان زیاتر دەبێت”.
لەلایەكی دیكەوە شێخ بەیاتی باسی لە مامەڵەی حكومەتی عێراق لەگەڵ هۆزەكانی عەرەبی سوننە كرد و گوتی: “مامەڵەی حكومەتی عێراق لەگەڵمان زۆر خەراپە و تائێستا هیچ هاوكارییەكی ئێمەی نەكردووە، وێڕای رێگریكردنی لە گەڕانەوەمان بۆ سەر زێدی خۆمان”، جەختیشی كردەوە، “بڕیاری گەڕانەوەمان بۆ سەر ماڵ و موڵكی خۆمان لەئێستادا لەدەست میلیشیاكانی حەشدی شەعبییە، ئەو میلیشیایانەش ناوچەكەیان داگیركردووە و رێگە بە گەڕانەوەمان نادەن”.