غالب محەمەد : قوباد تاڵەبانی خەریكی یاسا شكاندنەو ئەنجومەنیش هەربێدەنگە
(غالب محەمەد) ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ڕایگەیاندووە، ئێمە لە هەرێمی كوردستان دوو جۆر حكومەتمان هەیە، یەكێكیان حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە تۆ جێگری و لە پەرلەمان شەرعیەتت وەرگرتووە، ئەوی دیكەیان حكومەتی خۆجێتیە، كە بە پێی یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠٠٩ ئەنجومەنی پارێزگاكان بڕیاری ژمارە ١ی پەرلەمان.
هەروەها ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەشڵێت “لە ساڵی ٢٠١٥ ئەم حكومەتە خۆجێتیە دروستدەكرێت، كە پێكهاتووە لە (بەرێوبەرە گشتیەكانی سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و ڕاپەرین، قایمقام و بەڕێوبەری ناحیەكان، سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەرین و گەرمیان) بەڵام ئەم زاتە هەتا ئێستا هەرخەریكی یاسا شكاندنە و ئەنجومەنیش هەر بێدەنگە”.
ڕاشیگەیاندووە، یەكیتی زیاتر لە ٤١ پۆستی حكومەتی خۆجێتی هەیە هەتا ئەم كاتە نەهاتوونەتە ناو ئەنجومەن و دەنگیان لە سەر نەدراوە و ماوەی سێ ساڵە مومارەسی دەسەڵاتی خۆیان دەكەن، كە نایاساییە، ماوەی ساڵێكە قوباد تاڵبانی بێ حسابكردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی قائیمقامی چەمچەماڵی گۆڕی و كەسێكی دیكەی دانا.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، “دوێنێش بەڕێوبەری تەندروستی سلێمانی گۆڕیوە بە تەلەفۆن، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری گۆڕیوە، لەگەڵ ئەوەش سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەرین-یشی گۆڕیوە بە كەسێكی دیكەی بێ ئەوەی كەس ئاگادار بێت، دەبێت چی تر ئەنجومەن قبوڵی ئەم كارە نایاسایانەی قوباد تاڵەبانی نەكات”.
ئاشكراشیكردووە، “ئەگەر جێگری سەرۆكی حكومەت هەر بەردەوام بێت و ئەنجومەنیش هەر بێدەنگی هەڵبژێرێت، بەندە بۆ پاراستنی مافی خەڵكی سلێمانی و بۆ گەڕانەوی شكۆی دەنگدەرانی پاریزگای سلێمانی هەفتەی داهاتوو شكات لە قوباد تاڵەبانی و دەستەی سەروكایەتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ٤١ پۆستەكەی یەكێتی لە دادگای كارگێری لە سلێمانی دەكەم”.