هێزێكی عێراقی جولەی پێكرا
دوای ئەوەی لە دەورو بەری حەویجە چەند جارێك رووبەرووبوونەوە لە نێوان هێزە عێراقیەكان و چەند گرووپێكی چەكدار روویدا, هێزێكی زریپۆشی عێراقی بەرەو شارۆچكەی حەویجەی باشووری كەركووك جوڵێندراوە، ئەمەش بەهۆی ناسەقامگیری ئاسایشی ناوچەكە.
سەرچاوەكە بۆ تۆڕی “ئەلحورە”ی عەرەبی ئاشكرای كردووە ئەم هێزانە بۆ لەناوبردنی چەند گرووپێكی چەكداری ڕوو لە ناوچەكە دەكەن، كە شەوانە لە گوندەكانی ئەلبوشاهیر و ئەلبوعەساف ئەملاوی ئەولای شارۆچكەی حەویجە چالاكیان هەیە.
بەگوێرەی سەرچاوەكە، ئەم گرووپە چەكدارانە پاشماوەی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشن و ماوەیەكە تەنگیان بە هێزە عێراقیەكان هەڵچنیوە. بە ڕۆژ لە زەویە كشتوكاڵیەكان خۆیان حەشار دەدەن و بە شەویش بڵاودەبنەوە.
لەمبارەیەوە یەحیا رەسول گوتەبێژ بەناوی پرۆسە هاوبەشەكانی عێراق رەتی كردبووەوە هێزی سەربازی بەرەو حەویجە جوڵێندرابێت.