پەیامی بابە نوئێل لە 2018 رووخانی خامەنەییە

یاد سرێشمەیی

ئاماژەكانی رووخانی دەسەڵاتی پاشاگەردانی ئێران كە لە سایەیدا ئازادیەكان تەوق كراون ‌و پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و پێكهاتەكانی دیكەی ناو وڵات گەیشتوونەتە چلەپۆپ, دەمێكە بەروونی وەك ئەستێرە لە ئاسمانی تاریكی دەسەڵاتی سیاسی ئەو وڵاتە دەركەوتوون, كەڕەنگە لە داهاتوو ئەزموونی وڵاتانی دیكەی ناوچەكە (تونس و لیبیا و یەمەن و سوریا بە دەسەڵاتێكی لاوازەوە) لە ئێران ببینرێت.

ئەگەرچی رێككەوتنی ناوەكی ئێران و رووداوەكانی دیكەی ناوچەكە لە بەرژەوەندی ئێران بوون بۆئەوەی لە لایەك بەهۆی رێككەوتنەكە خۆی لە نێو سێرەی ئەو وڵاتانە وەلابنێت كە دەیانخواست سنور بۆ دەسەڵاتی زۆرداری و ئازادی كوژی ئێران دابنێن, وە توانی خۆی تا ئاستێكی زۆر لەو ئابلۆقە ئابووریە رزگاربكات كە خرابویە سەری و ملیارەها دۆلاری بلۆككراوی لە بانكەكانی جیهان دەست بكەوێتەوە, لە لایەكی دیكە بەهۆی ئالۆزی وڵاتانی ناوچەكە ئێران بەهۆی دەست خستنە نێو ئەو وڵاتانەوە بەجۆرێك یاری سیاسیی خۆی ئیدامەدا كە شەڕی نێو ماڵ و بەردەرگای خۆی بگوازێتەوە نێو وڵاتانی دیكە, بەمەش فشارو چاوەكان لەسەر ئێران وەڵاكەوتن, لەمەشیان تا ئێستاشی لەگەڵ بێت سەركەوتووبووە, تەنانەت هێزێكی دیكەی بەخشیە ئێران كە وەك وڵاتێكی هەژمار بۆكراو لە ناوچەكەدا ببینرێت.

گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی لە ئەمریكا دروست بوونی كابینەیەكی تازەی حكومەت كە پڕیەتی لەو كارەكتەرە سیاسی و سەربازیانەی ئەمریكا كە حەز بە چارەی ئێران ناكەن و ئێران بەگەورەترین بەربەستی بەردەم رۆژهەڵاتێكی دیموكراسی دەبین, هەروەها چەندپاتكردنەوەی هەڕەشەكان بۆسەر ئێران و راگەیاندنی ستراتیجی تایبەتی ئەمریكا دژ بە ئێران, ئاماژەی هەرە لە پێشینەی كەوتنی ئێرانە, ئەگەر چی یەكێتی ئەوروپا نەهاتۆتە بن باری خواستەكانی ترەمپ بۆ هەلپەساردنی رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران, بەڵام لێدوانەكانی ماكرۆن كە بەهەمان ئاواز و تۆنی ترمپ بوون دژ بە ئێران دەرخەری ئەو راستیەن ئەگەر ئێستا گرێبەستێكی نێو دەولەتی پارێزبەندی لە ئێران بكات بەڵام جۆرێك لە پاشەكشە دەبینرێت لە رێككەوتنەكە نابێت ئەوەشمان بیر بچێت سەرۆكی ئەمریكا دەلێت حساب بۆ رێككەوتنەكە ناكەین.

ئاماژەیەكی دیكەی كەوتنی ئێران, زیاد بوونی هەژاری و برسی بوونی خەلك بوو لە ساییەی دەسەڵاتی دینی و پاشاگەردانی كەلە ئێستادا هێندەی داهاتی وڵات بۆ سیاسیەتی دەرەوەی خەرج دەكات بۆ هاوكاری كردنی گرووپە سەربازیەكانی (یەمەن و سوریاو لوینانو عێراق) لە رێگای سوپای پاسداران, نیو بەقەد هێندە ناخرێتە خزمەت خزمەتگوزاریەكانی ناوخۆی وڵات, ئەوەی لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو روودەدەن ئەگەر لە رووكەشدا تەنها وەك خۆپیشاندانێكی جەماوەری خەلكی برسی ببینین, بەڵام لە جەوهەردا گۆڕانێكی گەورەیە ئاماژەیەكی دیكەی كەوتنی ئێرانە, چونكە بە درێژای تەمەنی دەسەڵاتی خامەنەیی جاری یەكەمە وا بە ئاشكرا وێنەی خامەنەیی و دامودەزگا میریەكان بسوتێنرێن, دژ بە خامەنی و خوومەینی دروشم بگوترێنەوە داوای گەڕانەوەی دەسەڵاتی پاشایی كۆن بكرێت.

ئێستا ئێران بەدۆخێكی خراپتدا تێدە پەڕێت, كە چەندین دەزگای میری سوتێنران و تا دێت قەبارەی خۆ پیشاندانەكان گەورەتر دەبێت, دروشمەكان دژ بە حكومەتی ئێران قەبتر دەبن, هەر ئەمەش وای كرد كە ئینترنێت لەسەرتاسەری وڵات بچیڕێت, بە چەك رووبەرووی خۆپیشاندەران ببنەوە, ترسی ئێران ئێستادا لە ئەگەر گەورەتر بوونی قەبارەی ناڕەزایەتیەكانە, بەڵام پشتگیری ئەمریكاو چەند وڵاتێكی دیكەی ئەوروپا بۆ خۆپیشاندەران وای كرد كاردانەوەكان توندتر بكات بەرامبەر خۆپیشاندەران ئەگەر چی هەرچەند كاردانەوەكانیان دژوارتر بێت, ئاماژەكان ئەوەمان پێدەلێت. لەگەڵ هاتنی بابه نوئێل, خامەنەیی دەڕوات.

Back to top button