شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا : گروپی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ئه‌گه‌ر له‌سه‌رده‌می شاخ ئه‌وه‌یان بكردایه‌ ڕه‌می ده‌كران

فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگەی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان وەڵامی (ئاراس شێخ جه‌نگی) کادری حیزبه‌كه‌ی ده‌داته‌وه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی له‌ناو گروپه‌كه‌ی روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ناوی ده‌برێت و ده‌ڵێت: ئەگەر لەسەردەمی شاخدا ئەوەیان بکردایە، ھاوکاری حکوومەتی عێراقی بکەن، ئەوا ھەموویان ڕەمی دەکران و دەکوژران، ئەگەر مام جەلالیش بمایە، ھەموویانی وەک خائین سزا دەدا”.

(شێخ جەعفەر) فەرماندەی هێزەکانی70ی پێشمەرگه‌ی یه‌كێتی و ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئه‌و حیزبه‌ به‌ دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە: ”ئاراسی شێخ جەنگی زۆر سەھووە، ئێستا کاتی ساڕێژکردنی برینەکانە نەک کولاندنەوەی، بەڵام دەبوو ئاراسی شێخ جەنگی باسی ئەوە بکات کە من دەمزانی ھێرش دەکرێت، چونکە ئەمریکییەکان پێشتر پێیان گوتم، بەڵام ئەو بە ئێمەی گوت بەرگری مەکەن با سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بێنە کەرکووک“.

وتویه‌تیشی: ”ئێمە پێمان گوت سازش لەسەر یەک بست خاکی کوردستان ناکەین و بێ بەرگری چۆڵی ناکەین“.

ئه‌ندامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی وتویه‌تیشی: ”دەبووایە ئاراسی شێخ جەنگی باسی ڕۆڵی خراپی خۆی بکات کە کۆبوونەوەی لەگەڵ عێراق و سەرکردەکانی حەشدی شەعبی کرد لە پێشتر تا بیانھێنێتە کەرکووک، بەڵام دوبارەی دەکەمەوە کاتی کولاندنەوەی ئەو برینانە نییە”.

باسیشی لەوە کردووە کە ئەگەر ڕۆژێک ئەم دۆخە نالەبارەی کوردستان نەمێنێت، ”دادگایەکی نیشتمانی پێکبھێنرێت، دەبێت لە دونیادا سزای خائین چییە، ئەوانیش ھەمان سزا بدرێن”. دەشڵێت: “ئەم گرووپەی یەکێتی ئەگەر لەسەردەمی شاخدا ئەوەیان بکردایە، ھاوکاری حکوومەتی عێراقی بکەن، ئەوا ھەموویان ڕەمی دەکران و دەکوژران، ئەگەر مام جەلالیش بمایە، ھەموویانی وەک خائین سزا دەدا”.

لە کۆتایی قسەکانیشیدا فەرماندەی هێزەکانی حەفتا داوای لێبووردنی لە خەڵکی کردووە، بەهۆی ئەوەی ”نەمتوانی ھەندێک وردتر ڕاستییەکان بڵێم، بەڵام دڵنیابن ڕۆژێک دێت ھەموویان بۆ باس دەکەم و ناوی ئەو خائینانە دەھێنم”.

Back to top button