تۆماری‌ ده‌نگده‌ران پاكده‌كرێته‌وه‌

كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌ڵامی گومانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌داته‌وه‌و جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنه‌كه‌ش داوای‌ هاوكاریی حكومه‌ت و لایه‌نه‌كان ده‌كات، ده‌شڵێت:”له‌ئاینده‌یه‌كی‌ نزیكدا تۆمارێكی‌ خاوێن ئاراسته‌ی‌ قه‌واره‌ سیاسییه‌كان ده‌كه‌ین”.
(به‌هزا زێباری )سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتوو له‌په‌رله‌مانی كورردستان له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی‌ خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك ئاشكرایده‌كات، به‌گوێره‌ی‌ به‌دواداچونه‌كانیان، لیستی تۆماری ده‌نگده‌رانی هه‌رێم 615 هه‌زار ناوی ساخته‌و دوباره‌و مردوی تێدایه‌ كه‌ به‌شی 30 كورسی په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌.

(سلێمان مسته‌فا)جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی هه‌رێم  ڕايگه‌یاند، “كۆمسیۆن په‌یڕه‌وێكی داناوه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن و دامه‌زراندنی تۆماری ده‌نگده‌ران، بڕیارمانداوه‌ به‌سڕینه‌وه‌ی ناوی دوباره‌و مردوان و سڕینه‌وه‌ی ناوی دانیشتوانی ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم”.

هه‌روه‌ها جیگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌لووژاردن و ڕاپرسی هه‌رێم گوتیشی‌:”هه‌موو ئه‌و گومانانه‌ی قه‌واره‌ سیاسیه‌كان هه‌یانه‌ جیا ده‌كرێته‌وه‌و وردبینی بۆ ده‌كرێت و دواتر ده‌سڕدرێنه‌وه‌و له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكیشدا تۆمارێكی‌ خاوێن ئاراسته‌ی‌ قه‌واره‌ سیاسییه‌كان ده‌كرێت”.

ئاشكراشیكرد، هه‌وڵه‌كانیان خستۆته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد له‌هه‌رێم ئه‌نجامبدرێت، “ئه‌مه‌ش به‌پاككردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران ده‌ستپێده‌كات، ئه‌م ئه‌ركه‌ كاری زۆری‌ ده‌وێت و پێویستمان به‌هاوكاری حكومه‌ت و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و ڕاگه‌یاندنیش هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین وه‌ڵامی هه‌موو گومانه‌كان بده‌ینه‌وه‌و متمانه‌ی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌ده‌ستبهێنین”.

Back to top button